کڵچدارئۆغڵو: یەکەی نیشتەجێبوون بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە دروست دەکەم

02-04-2023
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەربژێری هاوپەیمانیی میللـەت بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، بێ بەرامبەر یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر لێقەوماوانی بوومەلەرزەکانی رۆژی 6ی شووبات دابەش دەکات.
 
کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللـەت لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر، پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا رایگەیاند، "منیش لەبارەی بیرۆکەی دەستبەجێ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ لێقەوماوانی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان هاوڕام، بە پێچەوانەوە هاووڵاتییانمان بەردەوام کۆچ دەکەن و شار و شارۆچکەکانیش چۆڵ دەبن."
 
بەربژێری هاوپەیمانیی میللـەت بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا گوتیشی، "بەڵام هەرگیز چاوپۆشی لە فرۆشتنی یەکەی نیشتەجێبوون بە لێقەوماوان ناکەم، چونکە ئەمە فریودانە و کارێکی نایاسایی و نادەستوورییە. 57ـەمین و 125ـەمین ماددەی دەستووریی تورکیا زۆر بە روون و ئاشکرا دەڵێت، دەوڵەت بەرپرسیارە لە دابینکردنی حەوانگەی لێقەوماوان."
 
کڵچدارئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا، کاتێک هاووڵاتی یەکەی نیشتەجێبوون یاخود شوێنکارێک دەکڕێت، لە راییکردنی مامەڵەکاندا 23 دامەزراوەی دەوڵەت ئاگاداری دەبن و واژۆیان لەسەر بەڵگەنامەکاندا دەبێت. سەرجەم بەڵگەنامەکانیش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە پرۆسەی کڕینەکە یاساییە و متمانەپێکراوە و هاووڵاتییش تەنیا یەک واژۆی دەبێت. بۆیە دەڵێت، "لە بەرامبەر ئەم هەموو بەڵگەنامانەدا، دەوڵەت بەرپرسیارە و لە هەر رووداوێکدا دەبێت قەرەبووی هاووڵاتی بکاتەوە. هاووڵاتی سکاڵا بکات، بە دڵنیاییەوە لایەنی براوە دەبێت."
 
بەربژێری هاوپەیمانی میللـەت باسی لەوەش کرد، "لەسەر ئەم بنەمایە کاتێک دەڵێم بێ بەرامبەر یەکەی نیشتەجێبوون و شوێنکار بە هاووڵاتییە لێقەوماوەکان دابەش دەکەم، ئەمە بەڵێنێکی هەڵبژاردن نییە، بەڵکو ئەرک و بەرپرسیارێتیی ناچاریی منە و بەجێی دەگەیێنم. بە هیچ شێوەیەک خەڵک فریو نادەین بە قەرزی 20 ساڵ یەکەی نیشتەجێبوونیان دووبارە پێ بفرۆشینەوە."
 
سەبارەت بە دابینکردنی خەرجییەکانی دروستکردنی یەکە نیشتەجێبوونەکانیش، کڵچدارئۆغڵو دەڵێت، "رەنگە نیگەران بن لەبارەی خەرجییەکانەوە، چۆن دەوڵەت ئەم هەموو پارەیە دابین دەکات بۆ دروستکردنی یەکە نیشتەجێبوونەکان؟ منیش دەڵێم: هاووڵاتییە خۆشەویستەکانم، دڵنیابن پارە هەیە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەتوانین ئەم پرۆژانە پارەدار بکەین."
 
بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت ئاشکرای کرد، رۆژی دووشەممە 3ی نیسان پڕۆژەیاسایەک پێشکێشی پەرلەمان دەکەن و هەموو وردەکارییەکی تێدایە، "هاووڵاتی پارەی داوە، دامەزراوەکان داویانە، بەڵام بەهۆی چاوچنۆکیی دەسەڵات ئەم پارانە ناگاتە دەستی هاووڵاتییان و هەمیشە هۆکاری زەرەر و زیانی هاووڵاتییان بووە."
 
لە کۆتایی پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا کڵچدارئۆغڵو گوتی، "خەمتان نەبێت، تەنیا چەند رۆژێک ماوە و لەگەڵ وەرگرتنی دەسەڵات، ئەم کارە دەکەم چونکە پێویستی بە یەک واژۆ هەیە و مستەر کەمال ئەم واژۆیە دەکات. کرێچییەکان و ئەوانەی لە خانووە زیانبەرکەوتووەکانیاندا نیشتەجێن، کۆمەڵێک کێشەیان هەیە و بەردەوام سکاڵاکانیان پێشکێشی ئێمە دەکەن. خەمتان نەبێت کێشەی ئێوەش چارەسەر دەکەم، کەس بێ چارە ناهێڵمەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە