رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی قەوقاس (کافکاسام) دەڵێت، رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی گرنگە، دەشڵێت، بۆ بە ئەنجامگەیاندنی پرۆسەکە، پەکەکە و حکومەتی تورکیا داواکارییان لە یەکدی دەبێت.
حەسەن ئۆکتای، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژیی قەوقاس رۆژی یەکشەممە 2ی ئاداری 2025 میوانی بووڵتەنی کاژێر 11:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو. لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان گوتی، ''بڕیاریکی زۆر گرنگی دا و ئەو خەباتەی کردبووی، کردیە قوربانی ئاییندەی کوردەکان''.
ئۆکتای باسی لەوەش کرد، بەڕێوەبردنی پرۆسەکە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سوودبەخشە، هەروەها گوتیشی، بۆ بەئەنجامگەیاندنی پرۆسەی ئاشتی، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و حکومەتی تورکیا داوکارییان لە یەکدی دەبێت.
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
رووداو: پرۆسەکە ئێستا گەیشتووەتە ئاستێک کە پەکەکە ئاگربەستی راگەیاندووە، بەڵام هێشتا شەڕ بەردەوامە و هەلیکۆپتەر بۆردوومان دەکات، حکومەت دەبێت چ هەنگاوێک بنێت تاوەکو خەڵک باوەڕی پێ بکات؟
ئۆکتای: بەر لە هەموو شتێک سوپاس بۆ ئەم میواندارییە. بە پرۆسەیەکی زۆر گرنگدا تێدەپەڕین، چونکە بانگەوازەکەی ئیمراڵی (ئۆجەلان)، تا بڵێی گرنگە. دەوڵەت و رێکخراوەکانی حکومەت، هەمووان لە نزیکەوە چاودێری پرۆسەکە دەکەین. بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی رابردوو ، لە کوێ هەڵەمان کردووە، لە کوێ کەموکورتییەک هەیە، بە وردی چاودێری ئەمانە دەکەین. بەڕێز دەوڵەت باخچەلی لەم بابەتە دەستپێشخەریێکی گرنگی کرد، کاتێک لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا گوتی، ئەگەر بڕیار بێت کۆتایی بە تیرۆر بهێندرێت، با عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێت و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەمدا (دەم پارتی) قسەبکات. هەموو سەرنجەکانی، زیاتر لەوەی پێشبینی دەکرا، بۆ لای خۆی راکێشا. هەڵوێستێکی وەها لە پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چاوەڕێنەدەکرا. دەوڵەت باخچەلی بەباشی ئەمەی بینی، ئەو هەوڵانەی پێشووتر بە سوود و زیانەوە بەراورد کردن و هەڵیسەنگاندن.
بۆیە بیریکردەوە دەبێت قۆناخێکی نوێ دەستپێبکات و براوەکەشی کورد و تورک بێت. بە مەبەستی رێگریکردن لە دروستبوونی هەر بەربەستێکیش بۆ بەردەم پرۆسەکە دەستپێشخەری کرد و بانگەوازەکەی کرد. دوای ئەوە ئیدی هەموو لایەنەکان متمانەیان لەلا دروست بوو، بۆ نموونە کوردەکان پێیانوابوو، لەگەڵ حکومەت رێکدەکەون، بەڵام نیگەران بوون لەوەی، ئاخۆ مەهەپە لەسەر ئەمە چی دەڵێت و کاردانەوەی چۆن دەبێت؟ هاوکات لە نێو حکومەتیش نیگەرانییەکی لەمشێوەیە هەبوو، چونکە لە پرۆسەی یەکەمدا هەموومان بینیمان، لەوێدا حکومەت دەستپێشخەریی کرد، بەڵام کاتێک مەهەپە کاردانەوەیەکی تووندی لە بەرامبەر ئەمە هەبوو، پرۆسەکە شکستیخوارد. لێرەدا هەردوو لا بەشێوەیەکی هاوسەنگ، بەبێ ئەنجامدانی هیچ هەڵەیەک بە وردی دەبێت چاودێری پرۆسەکە بکەن و بە ئەنجامی بگەیێنن. لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا پێشهاتی زۆر گرنگ هەیە. لەبەردەمی شەڕی حەماس و ئیسرائیل، پرۆسەی لەنێوبردنی حیزبوڵای لوبنان، قۆناخی لەنێوبردنی ئەو پێکهاتانەین کە بەناوی ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دژی ئیسرائیل شەڕ دەکەن.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڕیاریکی زۆر گرنگی دا و ئەو خەباتەی کردبووی کردیە قوربانی ئاییندەی کوردەکان و لە نێوان دوو کەوانە ئەمە دەڵێم (داهاتووی خۆیی پێ لەنێوبرد). بۆیە لە ماوەی داهاتوودا، ئەگەر سەیری رۆحییەتی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و نووسراوەکەی سری سورەیا ئۆندەر بکەیت، پڕۆسەیەک چاوەڕێمان دەکات کە تێیدا ئیدی لە تورکیا بە چاوێکی دوژمنانە لە یەکدی ناڕوانرێت و بەیەکەوە بۆ بنیادنانی ئاییندەیەکی ئاشتیخوازانە هەوڵدەدرێت. هیچ لایەنێک نایەوێت بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست بکات، بەڵام، ئەوانەشی کە بە دروستبوونی کەشێکی سەقامگیرانە لە تورکیا ناڕەحەت دەبن، هەوڵی تێکدانی دەدەن بتەوێت یان نا، بەڵام بەپێی کات دەتوانرێت ئەو هەوڵە بچووکانە پەکبخرێت و پرۆسەیەکی گرنگ بهێندرێتەکایەوە. ئەو دەستپێشخەرییەی دەوڵەت باخچەلی زۆر گرنگە. بەڵام پێویستە بەزوویی چاکببێتەوە، لە سۆشیاڵ میدیا زۆر قسەی بەلاڕێدابەر هەن، نەخۆشییەکەی بە هۆکارێک دەبینن و هەوڵی ئەوە دەدەن بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست بکەن.
رووداو: ئایا ئەگەری ئەوە هەیە لە نێو سوپادا کەسانێک هەبن و بیانەوێت ئەم پرۆسەیە تێکبدەن؟ بۆ نموونە ئەو هێرشانەی ئێستا لە باشووری کوردستان دەیانبینین، لەڕێگەی هەلیکۆپتەرەوە بۆردوومان دەکرێت، ئەگەری ئەوە هەیە لە دەرەوەی ویستی هەندێک لە پلە باڵاکانی نێو سوپادا ئەمە بکرێت؟
ئۆکتای: لەم بابەتەدا کەسایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرکردایەتییە زاڵییەکەی گرنگە، کاردانەوەی تووندی لە بەرامبەر ئەوانە هەیە کە دەیانەوێت بەربەست بۆ پرۆسەکە دروستبکەن. ئەو ئێستا فەرماندەی باڵای تورکیایە و سەرکردەی سوپایە. کۆماری تورکیا کردەکانی لە خاکی سووریا بەرامبەر پێکهاتە تیرۆریستەکان بەردەوام دەبن. چونکە پرۆسەکە تازە دەستیپێکردووە و دواتر دەچێتە چ قۆناخێکەوە دیار نییە. دەمیش (دەم پارتی) ناچارە ئەمە لەگەڵ لایەنگرانی خۆی تاوتوێ بکات، چونکە ئەویش لە کۆتاییدا پارتێکی هاوپەیمانە، بۆیە هەر دوو لا دەتوانن بەوردی مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە بکەن و رێگری لە هەموو بەربەستێک بکەن کە بخرێتە بەردەم پرۆسەکە. بابەتیکی دیکە، ئایا کۆنگرەکە بەستن و دانانی چەک، لەڕێگەی رێککەوتنێکەوە جێبەجێدەکرێت یان چۆن؟ شتێکی دیکەش هەیە، کاتێک رێکخراوەکە چەک دادەنێت، چ داواکاریێکی لە دەوڵەت دەبێت، ئەمەش گرنگە، چونکە هێشتا داواکارییەکان باس نەکراون.
رووداو: بەڕێز ئۆکتای لە راگەیێندراوی خۆیاندا باسیان لە چەند شتێک کردووە، نموونە؛ پێویستە هەلومەرج بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێکبخرێت، ئازاد بکرێت و خۆی سەرپەرشتی ئەم پرۆسەیە بکات، کەواتە سەرپەرشتیکردن بە واتای فیزیکییە کە خۆی لە ناو کۆنگرەکەدا ئامادە ببێت، یانیش لە دوورەوە کۆنگرەکە بەڕێوەببات، ئێمە ئەمە نازانین. ئایا حکومەت چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەمە دەکات؟
ئۆکتای: ئەوەی دەوڵەت باخچەلی لەکۆبوونەوەی فراکسیۆنەکەیدا گوتی، ئۆجەلان بێت و لەلای دەم قسەبکات، لەوانەیە ماناکەی ئەوە بێت، لەلای دەم قسەنەکات، یانیش وەک ئەوەی ئێوە گوتتان، بچێتە کۆنگرەکە و لەوێدا گوتارێکی مێژوویی پێشکێشبکات، یانیش لەوانەیە لە زیندانەوە بەشێوەیەکی راستەوخۆ بێت. بەڕێوەبردنی پرۆسەکە لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سوودبەخشە. بێگومان لە هەردوو لا داواکاری و دانوستاندن دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ