دووەم رۆژی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا؛ 'سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی گرنگی هەبوو'

02-03-2024
شەوکەت هەرکی
شەوکەت هەرکی
دووەم رۆژی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا
دووەم رۆژی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا
A+ A-
رووداو ئەنتالیا 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دووەمین رۆژی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا چەندین کۆبوونەوەی "گرنگی" هەبوو. سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، لەگەڵ سەرۆککۆماری بولگاریا و وەزیری بەرگریی تورکیا کۆبووەوە.
 
فەلاح مستەفا، یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە بە رووداوی گوت "خۆشحاڵین کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا لەگەڵ چەند سەرۆک و سەرکردەیەکی جیهان کۆبوونەوەی هەبوو. کۆبوونەوەی زۆر باشی لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا هەبوو، هەروەها لەگەڵ سەرۆککۆماری بولگاریا کۆبووەوە."
 
ئەمە سییەم کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیایە کە زۆر مژاری ناوچەیی و جیهانی تێیدا گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت. شەڕی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس، هەروەها جەنگی رووسیا و ئۆکراینا بابەتی سەرەکیی گفتوگۆکان بوون.
 
د. عیسام ئومێش، سەرۆکی رێکخراوی هاوکاریی ئەمریکا و لیبیا لە کۆڕبەندەکەوە قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی "راستییەکەی ئێمە خەڵکی ئەمریکاین. پێمانوایە کۆڕبەندێکی لەم جۆرە زۆر گرنگە، چونکە زۆر پرسی گرنگ لە جیهاندا هەن، بێگومان پرسی غەززە بۆ ئێمە زۆر جێگەی بایەخە. جێگەی دڵخۆشییە کە بینیمان سەرۆک بەتوندی لە دژی کارەکانی ئیسرائیل و رەشەکوژییەکانی غەززە قسەیکرد."
 
هەروەها دەڵێ "هیوادارین هەنگاوی زیاتر بنرێ بۆ ئەوەی جینۆساید بوەستێنرێت و یارمەتیی مرۆیی بگەیێندرێتە غەززە و خەڵکەکەی. بێگومان پێویستمان بە ئاگربەستە، پێویستە حکومەتی ئەمریکا واز لە پشتیوانیکردنی تاوانەکانی ئیسرائیل بهێنێت. هیوادارم کۆڕبەندی لەم جۆرە وابکەن خەڵک لەسەر ئەم هەڵوێستانە یەکگرتوو بن."
 
ڤالۆمبۆلا کالۆمۆ، بەرپرسی دۆسیەی ئەوروپا لە وەزارەتی دەرەوەی نامبیا سەبارەت بە کۆڕبەندەکە دەڵێ "پێویستە دەستخۆشی لە حکومەت و خەڵکی کۆماری تورکیا بکەم کە میوانداریی کۆڕبەندێکی زۆر باشیان کردووە. تاوەکو ئێستا زۆر شتی لێوە فێربووین. گفتوگۆی بەپێزمان هەبوو، دڵخۆشبووین کە دوێنی گوێبیستی گوتاری جەنابی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوە بووین. بە گەشبینییەوە لە رۆژی دووەمیشی دەڕوانین."
 
لەو کۆڕبەندەی ئەمساڵدا 19 سەرۆک و سەرۆکوەزیران، 73 وەزیر و 57 نوێنەری نێودەوڵەتی لە 147 وڵاتەوە بەشدار بوون. کۆڕبەندە ساڵی رابردوو بەهۆی بوومەلەرزەکەی مانگی شوبات هەڵوەشێنرابووەوە، ئەمساڵ سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و سبەی سێیەم و دواڕۆژییەتی.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە