لە دووەم رۆژی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا فوئاد حوسێن و قاسم ئەعرەجی قسە دەکەن

02-03-2024
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە دووەم رۆژی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیادا 21 پانێڵ رێکدەخرێن. وەزیری دەرەوە و راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق بەشداری لە پانێڵەکان دەکەن.
 
ماڵپەڕی فەرمیی سێیەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا، چالاکییەکانی دووەم رۆژی کۆڕبەندەکەی بڵاوکردەوە. لە کاژێر 10:00 تاوەکو کاژێر 16:30، 21 پانێل بەڕێوەدەچن. سەرجەم پانێڵەکان لە سێ هۆڵی ناوەندی کۆنگرەی NEST لە شارۆچکەی گەشتیاریی بەلەک لە ئەنتاڵیا بەڕێوەدەچن.
 
کاژێر 10:00ـی بەیانی بە کاتی هەولێر، پانێڵێک لەژێر ناوی "بازرگانیی نێودەوڵەتی، پەیوەندی و پێکەوە کارکردن" بەڕێوەدەچێت و تێیدا فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق؛ جەودەت یڵماز، جێگری سەرۆککۆماری تورکیا؛ مەحموود عەلی یوسف، وەزیری دەرەوەی جیبۆتی؛ ڤێنسینت بیروتا، وەزیری دەرەوەی رواندا؛ مارتن نایگی، وەزیری ئابووریی هەنگاریا و دارین تانگ، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی نێودەوڵەتی WIPO تێیدا بەشدار دەبن.
 
هەر ئەمڕۆ کاژێر 16:30 بە کاتی هەولێر پانێڵێک لەژێر ناونیشانی "ئاڵنگاری نوێ لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" بەڕێوەدەچێت و تێیدا قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و عەلی عومەر محەممەد، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوەی سۆماڵ بەشدار دەبن.
 
لە یەکەم رۆژی چالاکییەکانی کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتاڵیادا 15 پانێڵ بەڕێوەچوون.
 
رۆژی هەینی 1-3-2024 کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا لە ئەنتالیای تورکیا دەستی پێکرد. حکومەتی تورکیا 19 سەرۆک و سەرۆکوەزیر، 73 وەزیر کە زۆربەیان وەزیری دەرەوە و وزەن، 73 سەرۆک و نوێنەری رێکخراو و ئاژانسی بانگهێشت کردووە.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو 19 سەرکردەیە کە بەشێوەیەکی فەرمی لە لایەن حکومەتی تورکیاوە بانگهێشت کراوە بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندەکەدا. ئێوارەی دوێنێ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.
 
کۆڕبەندەکە بە سەرپەرشتیی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەڕێوەدەچێت.
 
یەکەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا لە رۆژانی 18 تاوەکو 20ی حوزەیرانی 2021 بەڕێوەچوو؛ دووەمین کۆڕبەندی ئەنتالیا لە رۆژانی 11 تاوەکو 14ی ئاداری 2022 بەڕێوەچوو. ساڵی رابردوو بەهۆی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیاوە کۆڕبەندەکە بەڕێوەنەچوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە