رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ لەبارەی ئەو بەربژێرەی بڕیارە هاوپەیمانیی میللەت رایبگەیەنێت، رایگەیاند: بەربژێری شەش پارتەکە هەر کێ بێت، بە هەموومانەوە دەیکەینە سەرۆککۆمار.
لە دیمانەیەکی تایبەتدا ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە کاتی هەڵبژاردن و بەربژێریان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار گوتی: "لەو باوەڕەدام رۆژی 14ی ئایار بەڕێوەبچێت. لەوانەیە لە هەر کاتێکدا بڕیاری لەسەر بدەن. لەو باوەڕەدام دەسەڵات ناتوانێت ئەم هەڵبژاردنە بباتەوە. بەربژێری ئێمە هەر کێ بێت، بەیەکەوە سەریدەخەین. سبەی هەر کێ ببێتە بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، ئێمە بە دڵنیاییەوە دەیکەینە سەرۆککۆمار."
ئەمە لەکاتێکدایە چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ پێنجشەممەی شەش پارتەکەن و چاوەڕێ دەکەن بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت دیاری بکرێت. ئیمامئۆغڵو کە خۆی یەکێک لەو کەسانەیە باس لە بەربژێربوونی دەکرێت، دڵخۆشیی خۆی بەرامبەر گوتەکانی مێرال ئاکشەنەر سەبارەت بە سەرکەوتوویی ئیمامئۆغڵو لە کارەکانی راگەیاند.
سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ هەروەها باسی لەوە کرد ئەو بڕیارەی لەلایەن شەش پارتەکەوە سەبارەت بە بەربژێری سەرۆککۆمار دەردەچێت، پەسند دەکات و ناگەڕێتەوە بۆ وردەکاریی نێو کۆبوونەوەکە.
سەبارەت بە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن ئیمامئۆغڵو باسی لەوە کرد کە پێویست ناکات پرۆسەکە دوابکەوێت.
لەکاتێکدا دوای بوومەلەرزەکەی رۆژی 6-2-2023ی باکووری کوردستان و تورکیا باس لە دواخستنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا دەکرا، رۆژی چوارشەممە 1-3-2023 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بە رۆژی 14-5-2023 کرد، کە بەر لە بوومەلەرزەکەش ئاماژەی بۆ کردبوو. ئەمە وایکرد پارتەکان دووبارە دڵنیاببنەوە لەوەی کاتی هەڵبژاردن نەگۆڕاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ