مانگی رابردوو لە باکووری کوردستان و تورکیا 31 ژن کوژراون

رووداو دیجیتاڵ
پلاتفۆرمی "تاوانەکانی دژی ژنان دەوەستێنین"، راپۆرتێكی لەبارەی تووندوتیژی دژی ژنان لە باكووری كوردستان و تورکیا بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا 31 ژن كوژراون و 21 ژنی دیكەش بەشێوەیەكی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی پلاتفۆرمەكە، 11 ژن بەدەستی هاوژینەكانیان، 2 ژن بەدەستی هاوژینی پێشوویان، 3 ژن لە لایەن خۆشەویستەکانیان، 2 ژن لە لایەن برایان، 3 ژن بەدەستی باوکیان، ژنێک بەدەست کوڕەکەی، 3 ژن بەدەست خزمیان و 6 ژنیش لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە كوژراون.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی پلاتفۆرمی "تاوانەکانی دژی ژنان دەوەستێنین"هاتووە، 19 ژن لەنێو ماڵەكانیان، 7 ژن لە شەقام، 2 ژن لە چۆڵەوانی، ژنێک لەنێو ئۆتۆمبێل و 2 ژن لە شوێنی کار كوژراون.
لە کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا، 25 ژن لە شارەکانی تورکیا و 6 ژن لە باکووری کوردستان کوژراون. زۆرترینیان لە ئیستەنبووڵ کوژراون کە 5 ژن بوون. ئەو ژنانەی لە باکووری کوردستان کوژراون بەم جۆرە بووە: لە دیلۆک 3 ژن، لە وان 1 ژن، لە ئامەد 1 ژن و لە مێردین 1 ژن.
بەگوێرەی ئامارەكانی ئەو پلاتفۆرمە، لە تورکیا و باکووری کوردستان لە ساڵی 2023دا 315 ژن، لە ساڵی 2022دا 398 ژن، لە ساڵی 2021دا 367 ژن و لە ساڵی 2020یشدا 300 ژن کوژراون.