هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێری سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دەستەی هاوئاهەنگیی هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی بە سەرۆکایەتیی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێرێکی هاوبەش بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبنەوە.
کۆبوونەوەکە، کە داخراو دەبێت بەڕووی میدیاکاندا، کاژێر 14:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی شووباتی 2023 لە بارەگای پارتی بزووتنەوەی رەنجدەران لە ئیستەنبووڵ دەکرێت.
لە کۆبوونەوەی دەستەی هاوئاهەنگیی هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی، گفتوگۆ لەسەر بەربژێرەکان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەکرێت. لە چوارچێوەی پێشنیازەکاندا، راپۆرتێک ئامادە دەکرێت و دەخرێتە بەردەستی سەرۆکی پارتە سیاسییەکانی پێکهێنەری هاوپەیمانییەکە.
لە قۆناخی دەستنیشانکردنی بەربژێر بۆ وەرگرتنی پێشنیازی ناو بۆ بەربژێری هاوبەش، گفتوگۆ لەگەڵ رێکخراوە مەدەنییەکان، سەندیکا، رێکخراوە پیشەیی و جەماوەرییەکان کرابوو. ئەو پێشنیازانەی وەرگیراون لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاکانی تورکیا بڵاوبوونەتەوە، لە دوایین کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی رەنج و ئازادیدا، جەخت لەسەر سێ ناو بۆ بەربژێری سەرۆککۆمار کراوەتەوە. یەکێک لەو ناوانە گولتان کشاناک، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەیە کە لە ساڵی 2016وە لە زیندانی کۆجائەلی زیندانی کراوە، بەڵام هەدەپە کە سەرۆکایەتیی ئەو هاوپەیمانییە دەکات، تائێستا هیچ لێدوانێکی لەبارەی بەربژێربوونی کشاناک نەداوە.
هەدەپە رۆژی 24ی ئەیلوولی 2022 لە شاری ئیستەنبووڵ لەگەڵ شەش پارتی چەپ و سۆسیالیست دامەزراندنی "هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی"ی بە شێوەیەکی فەرمی راگەیاند و نەخشەڕێگەی سیاسیی ئەو هاوپەیمانێتییەی ئاشکرا کرد.
ئەو شەش پارتەی تورکیا کە لەگەڵ هەدەپە لە هاوپەیمانێتییەکەدان بریتین لە: پارتی کرێکاری تورکیا (TİP)، پارتی رەنجدەران (EMEP)، پارتی ئازادی کۆمەڵگە (TÖP)، پارتی بزووتنەوەی رەنجدەران (EHP)، فیدراسیۆنی ئەنجوومەنی سۆسیالیزم (SMF) و رێکخراوی ماڵی خەڵک (HEV).