حەسەن ئۆکتای: عەبدوڵڵا ئۆجەلان بانگەوازێکی نوێ دەکات بۆ تورکیا و کورد گرنگە

02-01-2025
سیپان رۆژهەڵاتی
حەسەن ئۆکتای، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کافکاسام
حەسەن ئۆکتای، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کافکاسام
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

شاندی دەم پارتی بە مەبەستی وەرگرتنی رای ئۆپۆزیسیۆن لەسەر دەستپێشخەریی ئۆجەلان، کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەستپێکردووە.
 
حەسەن ئۆکتای، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کافکاسام، رۆژی پێنجشەممە 02-01-2025 لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێری 17:00ی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "نوێنەرانی دەم پارتی ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، نوعمان کورتولموش و پارتی دەوڵەت کۆبوونەوە. لە رۆژانی داهاتوودا، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی پارتە سیاسییەکانی دیکە دۆسیەیەک ئامادە دەکرێت."
 
ئۆکتای ئاماژەی بەوە کرد، "ئەمانە لە ئیمرالی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و چاوەڕێی راگەیێندراوێک دەکرێت لە ئیمرالییەوە. هێشتا راگەیێندراوە چاوەڕوانکراوەکە بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمرالی بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆسیە نوێیە بانگەوازێک دەکات. ئەم بانگەوازە بۆ تورکیا زۆر گرنگە و بۆ کوردەکانیش زۆر گرنگە."
 
لەبارەی رۆڵی پەرلەمان لەو پرۆسەیەدا سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی کافکاسام گوتی، "لە داهاتوودا هەموو پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان بۆچوونەکانیان لەسەر ئەم بابەتە دەخەنەڕوو، بۆئەوەی زەوینەیەکی یاسایی دروستبکەن. لەوانەیە لێبووردنێکی گشتی لە بوارێکی بەرتەسکدا دەربچێت، دوای ئەوە، کورد لە تورکیا مافەکانیان وەردەگرنەوە، ئیدی دەگەنە ئەو تێگەیشتنەی کورد لە تورکیا بە پێگەی هاووڵاتیی یەکسان دەژین."
 
هەر ئەمڕۆ شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە پێکهاتووە لە پەروین بوڵدان، سرری سورەییان ئۆندەر و ئەحمەد تورک، لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا کۆبوونەوە.
 
حەسەن ئۆکتای گوتی، "رۆڵی باخچەلی زۆر گرنگە، دەوڵەت باخچەلی وەکو سەرۆکی گشتیی پارتی سیاسی کە نوێنەرایەتیی نەتەوەپەرستی تورک دەکات و وەکو سەرکردەی پارتێکی سیاسی کە تووندترین و روونترین هەڵوێستی هەیە بەرامبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان و PKK، دەبێت لەم پرۆسەیەدا بەشدار بن، چونکە بەبێ رەزامەندی و بۆچوونی ئەرێنیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی و نەتەوەپەرستە تورکەکان، ئەم پرۆسەیە بەرەوپێش ناچێت."
 
لەبارەی کاریگەریی ئەم پرۆسەیە لەسەر کورد، حەسەن ئۆکتای دەڵێت، "سەرەتا کورد لە گرووپێکی گوشار رزگاریان دەبێت. تەنانەت ئەگەر هیچ شتێکی تریش بەدەست نەهێنن، ئەمە بە تەنیا دەبێتە هۆی ئەوەی کورد لە ئەنادۆڵ و تورکیا بە شێوەیەکی ئازادتر و خۆشگوزەرانتر بژین."
 
حەسەن ئۆکتای لەو بڕوایەدایە ئەم پرۆسەیە کاریگەریی لەسەر سەرجەم ناوچەکە دەبێت و دەڵێت، "ئەم نموونەیە بۆ نموونەی عێراق، سووریا، یان لە رۆژانی داهاتوودا ئێران پێویست دەبێت. ئەمە نموونەیەکی گرنگە و ئەزموونێکی گرنگە، چونکە تورکیا بە خەباتی 150 ساڵەی دیموکراسی گەیشتووەتە ئەم خاڵە. پێویستە ئەمە پێکەوە بۆ هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگشتێنین؛ ئەمە دەستکەوتێکی گەورە دەبێت."
 
شاندی دەم پارتی رۆژی 28-12-2024 سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵیی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دیداری کرد.
 
بڕیارە دوای کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن، جارێکی دیکە سەردانی ئیمراڵی بکەن و پەیامەکەیان بدەنە ئۆجەلان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا.

وەزیری دادی تورکیا: لە سەرەتای قۆناخێکی بێ تیرۆرداین

وەزیری دادی تورکیا دەڵێت، شەڕی نێوان سوپای وڵاتەکەی و پارتی کرێکارانی کوردستان دووچاری زەحمەتیی زۆری کردوون؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە ''لە دەستپێکی تورکیایەکی بێ تیرۆرداین''.