رووداو دیجیتاڵ
دیدارەکانی تایبەت بە پرۆسەیەکی نوێی پرسی کورد بەرەوپێش دەچن، سەرۆکی جەهەپە داوای راستگۆیی و شەفافیەت لە پرۆسەکە دەکات.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی 1-11-2024، بە تەوقەکردن لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی، پرۆسەیەکی تایبەت بە پرسی کوردی دەستپێکرد.
ئەو پرۆسەیە ئێستا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە شاندی دەم پارتی دوای دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و دەوڵەت باخچەلی کۆببنەوە.
لەکاتێکدا پرۆسەکە لەلایەن هاوپەیمانیی جهوور کە ئاکپارتی و مەهەپە پێکیدەهێنن دەستیپێکراوە، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە هیچ کات دژایەتیی خۆی رانەگەیاندووە. ئەوەنەبێت جەهەپە جۆرێک لە مەرجی بۆ پرۆسەکە داناوە و دەڵێت، نابێت هەنگاوێکی وەها بنرێت کە ماڵباتی سەربازانی کوژراوی سوپا و بریندارانی سەنگەر ئازار بدەن.
ئۆزگور ئۆزەل سەبارەت بە دەستپێکردنی پرۆسەیەکی هاوشێوەی 'چارەسەری' گوتی: "ئەگەر پرۆسەیەکی نوێی لەمجۆرە بە شێوەیەکی راستگۆیانە و شەفاف بەڕێوەبچێت، دەڵێم بەڵێ. مەرجی ئێمە ئەوەیە پرۆسەکە لە پەرلەمان بەرێوەبچێت و هیچ پارتێکی سیاسیش فەرامۆش نەکرێت".
شاندی دەم پارتی دوای ئەوەی رۆژی 28-12-2024، لە ئیمراڵی دیداری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە سازکرد، بڕیاری دا لەگەڵ پارتە سیاسییەکان و رێکخراوەکاندا کۆببێتەوە. هەر بەگوێرەی پلانەکە، دوای دیدار لەگەڵ پارتە سیاسییەکان، ئینجا لەگەڵ رێکخراوەکاندا کۆدەبێتەوە و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەگەڵدا دەکات.
باخچەلی رۆژی 31-12-2024، سەبارەت بە دیداری شاندی دەم پارتی و ئۆجەلان گوتی: "بە شێوەیەکی گشتی، بەشێک لەو دیدارە کە لە میدیادا بڵاوکراوەتەوە، جگە لەوەی هیوای دیموکراسی، برایەتیی تورک و کوردی بەهێزکردووە، بووەتە دەستپێکێکی خێردار. ئیدی پێویستە بابەتەکە لە گوتەوە بۆ کردار بگۆڕدرێت و قۆناخ بە قۆناخیش پێشهاتەکان رابگەیێندرێن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ