رووداو دیجیتاڵ
شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رۆژی پێنجشەممە لە دوو کاتی جیاوازدا لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە و نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان کۆدەبێتەوە.
شاندی دەم پارتی کە پێکهاتوون لە پەروین بوڵدان، سرری سوورەیائۆندەر و ئەحمەد تورک، ئەمڕۆ کاژێر 1:30ی دوای نیوەڕۆ لەگەڵ نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆدەبنەوە. کۆبوونەوەکە لە پەرلەمانی تورکیا دەبێت.
شاندەکە هەر ئەمڕۆ کاژێر 3ی دوای نیوەڕۆ، لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کۆدەبێتەوە.
شاندی دەم پارتی دوای ئەوەی رۆژی 28-12-2024 لە ئیمراڵی دیداری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە سازکرد، بڕیاری دا لەگەڵ پارتە سیاسییەکان و رێکخراوەکاندا کۆببێتەوە. هەر بەگوێرەی پلانەکە، دوای دیدار لەگەڵ پارتە سیاسییەکان، ئینجا لەگەڵ رێکخراوەکاندا کۆدەبێتەوە و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان لەگەڵدا دەکات.
باخچەلی رۆژی 31-12-2024 سەبارەت بە دیداری شاندی دەم پارتی و ئۆجەلان گوتی: "بە شێوەیەکی گشتی، بەشێک لەو دیدارە کە لە میدیادا بڵاوکراوەتەوە، جگە لەوەی هیوای دیموکراسی، برایەتیی تورک و کوردی بەهێزکردووە، بووەتە دەستپێکێکی خێردار. ئیدی پێویستە بابەتەکە لە گوتەوە بۆ کردار بگۆڕدرێت و قۆناخ بە قۆناخیش پێشهاتەکان رابگەیێندرێن".
سەرۆکی مەهەپە هیوای خواست، لە ساڵی نوێدا گوتارێکی سیاسەت دروستبێت، کە بنەماکەی پێکەوەژیان و لەباوەشگرتن بێت، نەوەک دوو جەمسەری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ