هاکان فیدان و حەسەن توران لە ئەنقەرە کۆبوونەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە ئەنقەرە پێشوازیی لە حەسەن توران، سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق کردووە.
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، وێنەی کۆبوونەوەی نێوان هاکان فیدان و حەسەن تورانی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، "هاکان فیدان، لە ئەنقەرە پێشوازیی لە سەرۆکی بەرەی تورکمانی حەسەن توران کرد".
 
چاوەڕێ دەکرێت لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چەند تەوەرێکی تایبەت بە عێراق و ناوچەکە، بەتایبەتیش باس لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت کە رۆژی 18-12-2023 لە پارێزگاکانی عێراق و ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان بەڕێوەچوو.
 
بەرەی تورکمانی لە کۆی 16 کورسیی کەرکووک، دوو کورسیی بردووەتەوە. کورد حەوت کورسی و عەرەب شەش کورسییان بردووەتەوە. ئەوەی دوای هەڵبژاردن لە کەرکووک زیاتر بووەتە جێی سەرنج، دانانی پارێزگاری ئەو شارەیە کە پێشتر کورد بوو، بەڵام لادرا و راکان جبووری (عەرەب) بە وەکالەت لە شوێنی دانرا.
 
بەرەی تورکمانیی عێراق، بزووتنەوەیەکی سیاسییە بە نوێنەرایەتیی خەڵکی تورکمانی عێراق. رۆژی 5ی نیسانی 1995 بە ھاوپەیمانی لەلایەن چەندین پارتی تورکمان دامەزرا. بەگوێرەی پرۆگرامی خۆیان، ئامانجی بەرەی تورکمانی ئەوەیە زۆرترین تورکمان لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بەشدار بن.