رووداو دیجیتاڵ
تیمی پارێزەرانی سەرۆککۆماری تورکیا سکاڵایان لەسەر ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ تۆمار کرد، ئەوەش بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاندانی خەڵک بۆ بێبەها کردنی کاری دادگاکان.
ئەمڕۆ هەینی 1ی تشرینی دووەمی 2024 تیمی پارێزەرانی سەرۆککۆماری تورکیا سکاڵایان لەسەر ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ تۆمار کرد و بە تۆمەتی بێڕێزیکردن و هاندانی خەڵک بۆ سووکایەتیکردن بە سەرۆککۆماری تورکیا و دادگاکان، داوای یەک ملیۆن لیرەی تورکی (29 هەزار و 125 دۆلار) سزای پێبژاردن دەکەن.
لە سکاڵاکەدا هاتووە، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ لە گردبوونەوە جەماوەرییەکەی بەردەم شارەوانیی ئەسەنیورت لە ئیستەنبووڵ، دەستەواژەی "ستەمکار، درۆزن، فریودەر، لووتبەرز، خۆبەزلزان"ی بەرامبەر سەرۆککۆمار بەکارهێناوە. هەروەها رایگەیاندووە، "ئەردۆغان دادگەی کردووەتە داردەستی خۆی بۆ سزادانی خەڵک و نەیارانی؛ هەروەها خەڵکی هانداوە بۆ سووکایەتیکردن بە ئەردۆغان و بێبەهاکردنی دادگە، دادوەر، داواکاری گشتی و کۆی دامەزراوەی دادی تورکیا."
31ی تشرینی یەکەمی 2024، گردبوونەوەیەکی جەماوەریی جەهەپە، دەم پارتی، چەند رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنی، چەند سەندیکایەکی کرێکاران و پیشەوەران لەبەردەم شارەوانیی ئەسەنیورت لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لە گوتارێکدا رایگەیاندبوو، "کاتێک رەجەب تەیب ئەردۆغان بە دەنگی خەڵک پۆستێک لە شوێنێک لەدەست دەدات، لە رێگەی دادوەر و دادگەکانەوە کە داردەستی ئەون و بەچاوسوورکردنەوە لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆ وەری دەگرێتەوە."
ئەو گردبوونەوەیە بەهۆی لابردنی ئەحمەد ئۆزەر بوو لە پۆستەکەی.
ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنیورت خەڵکی پارێزگای وانی باکووری کوردستانە و رۆژی 30ی تشرینی یەکەم لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە ئەندامان و چالاکییەکانی کەجەکە دەستبەسەر کرا.
رۆژی 31-10-2024 بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ، جان ئاکسۆی، یاریدەدەری پارێزگاری ئیستەنبووڵ لە شوێنەکەی ئەحمەد ئۆزەر بوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی نێوخۆی تورکیا کە بەیانیی رۆژی پێنجشەممە 31-10-2024 بڵاوکرایەوە، ئەحمەد ئۆزەر بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە پەکەکە-کەجەکە" لە زیندانە و دادگەیی دەکرێت.
وەزارەتی نێوخۆ راشیگەیاندووە بەگوێرەی یاسای ژمارە 5393ی شارەوانییەکان لە مادەی 127ی دەستوور و وەک رێوشوێنی کاتی، سەرۆکشارەوانیی ئەسەنیورت لە پۆستەکەی دووخراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ