سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا: ئەردۆغان جەختی لە پەرەدان بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق کردەوە

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆشکی وەحدەدین پاشا لە ئیستەنبووڵ پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و چەندین مژاریان تاوتوێکرد.  
 
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بڵاویکردەوە، رۆژی هەینی 1ـی تشرینی دووەمی 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆشکی وەحدەدین پاشا لە ئیستەنبووڵ پێشوازی لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندیی دووقۆڵی نێوان ئەنقەرە-بەغدا، پێشهاتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کرا. 
 
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بە پەیوەندییە بە‌هێز، مێژوویی و کولتوورییەکانی نێوان تورکیا و عێراق کرد و جەختی لە پەرەپێدانی زیاتریان و سوودوەرگرتن لە فراوانکردنی بازنەی هاوئاهەنگی و پێکەوەکارکردن بۆ سەرخستنی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان کردەوە". 
 
سەرۆککۆماری تورکیا بە سەرۆکوەزیرانی عێراقیشی راگەیاندووە کە "رێکخراوی تیرۆریستی مەترسی گەورەیە بۆسەر ئاسایشی تورکیا و عێراق. پێویستە هەردوو وڵات بە هاوبەشی رووبەڕووی هەموو جۆرە رێکخراو و گرووپە تیرۆریستییەکان ببنەوە، ئەوەش بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری و ئارامی نێوخۆیی و دەرەکی". 
 
راگەیێندراوەکە باس لەوە دەکات، ئەردۆغان سوپاسی حکومەتی عێراقی کردووە لەو هەنگاوانەی بەرامبەر پەکەکە ناویەتی. 
 
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە دۆخی ناوچەکە کردووە و رایگەیاندووە، "هێرشەکانی ئیسرائیل هەڕەشەن بۆ سەر ناوچەکە و جیهان. پێویستە وڵاتانی ناوچەکە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵوێستی بەهێزتر پیشان بدەن بۆ رێگەگرتن لە مامەڵەی ئیسرائیل و پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری"، ئەوەش بە گوێرەی هەمان راگەیێندراو. 
 
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لەبارەی کۆبوونەوەکە دەڵێت، "هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد؛ هەروەها باسیان لەو هەڕەشانە کرد کە قەوارەی زایۆنی بۆ سەر ئاشتی و سەقامگیری دروستیان دەکات، ئەوەش بە دووژمنکارییە بەردەوامەکانی بۆ سەر غەززە و لوبنان، هەروەها دەستدرێژییەکانی بۆ سەر چەندین دەوڵەتی ناوچەکە". 
 
نووسینگەی سوودانی دەڵێت، "سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری تورکیا یەک هەڵوێستییان لە بەرامبەر دوایین پێشهاتە مەترسیدارەکانی ناوچەکە دووپاتکردەوە؛ هەروەها هانی وڵاتانی عەرەبی، ئیسلامی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دا هەوڵی تەواوی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ بەدیهێنانی ئاگربەست؛ هەروەها کاربکەن بۆ گەیاندنی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی دوژمنکارییەکان و دەستپێکردنی هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە و پارێزگاریکردن لە فەڵەستینییەکان لە خاکی مێژوویی خۆیان". 
 
نیسانی ئەم ساڵ، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەگەڵ شاندێکی یاوەری سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد. لە سەردانەکەدا، ئەنقەرە و بەغدا 26 رێککەوتنیان لە بوارە جیاوازەکاندا واژۆ کرد.