بارۆی 38 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا داوای کۆتاییهێنان بە دانانی قەیووم دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
لە باکووری کوردستان و تورکیا کاردانەوەکان لە بەرامبەر دانانی قەیووم لەسەر شارەوانیی ئەسەنیورتی ئیستەنبووڵ بەردەوامن.
رۆژی پێنجشەممە، 31ـی تشرینی یەکەم بارۆی 38 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا راگەیێندراوێكی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، رایانگەیاند، دانانی قەیووم "گورزدانە لە دیموکراسی" بۆیە داوایان کرد کۆتایی بە دانانی قەیووم بهێندرێت.
ئەو 38 بارۆیە پێیانوایە بەوپێیەی پۆستێكی فەرمی هەیە، شێوازی دەستبەسەرکردنی ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانی ئەسەنیورتی جەهەپە "نایاساییە".
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دانانی قەیووم بۆ ئیرادەی گەل، کە لە ئەنجامی پیادەکردنی مافی دەنگدان لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراوە، پێشێلکارییەکی گەورەیە لەرووی بەها دیموکراسیەکانەوە. پیادەکردنی قەیووم بە روونی پێچەوانەی پرەنسیپی دەوڵەتی دیموکراسیی یاسا و دیموکراسی ناوخۆییە".
پڕۆفیسۆر د. ئەحمەد ئۆزەر، سەرۆکی شارەوانیی ئەسەنیورت خەڵکی پارێزگای وانی باکووری کوردستانە. رۆژی چوارشەممە، 30ـی تشرینی یەکەم لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە ئەندامان و چالاکییەکانی پەکەکە دەستبەسەر کرا و ئێوارەی هەمان رۆژ بە تۆمەتی ئەندامیەتیی پەکەکە خرایە زیندانەوە.
رۆژی 31-10-2024 بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ، جان ئاکسۆی، یاریدەدەری پارێزگاری ئیستەنبووڵ لە شوێنەکەی ئەحمەد ئۆزەر وەکو بریکار دەستبەکار بوو.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی نێوخۆی تورکیا کە بەیانیی رۆژی پێنجشەممە، 31-10-2024، بڵاوکراوەتەوە، ئەحمەد ئۆزەر بە تۆمەتی "ئەندامیەتیی لە رێکخراوی پەکەکە-کەجەکە" لە زیندانە و دادگەیی دەکرێت.
وەزارەتی نێوخۆ راشیگەیاندووە بەگوێرەی یاسای ژمارە 5393ی شارەوانییەکان لە مادەی 127'ی دەستوور و وەکو رێوشوێنی کاتی، سەرۆکشارەوانیی ئەسەنیوڕت لە ئەرکەکەی دوورخرایەوە.