یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە: کورد گیانمانن، بۆ ئێمە دیاربەکر و یۆزگات وەک یەکن
رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی-مەهەپە دەڵێ، کورد گیانیانن، بۆ ئەوانیش ئامەد و یۆزگات وەک یەکن.
عیزەت ئولڤی یۆنتەر، یاریدەدەری سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی-مەهەپە رۆژی پێنجشەممە، 31ـی تشرینی یەکەم، یۆنتەر لە شاری ئیستەنبووڵ سەردانی رێکخستنەکانی ناوچەی پەندیک و کارتاڵی پارتەکەی کرد.
عیزەت ئولڤی یۆنتەر لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان گوتی: "کورد گیانمانن بەشێکن لە ئێمە. برا کوردەکانمان هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ تیرۆر نییە. بۆ ئێمە دیاربەکر چییە، یۆزگاتیش ئەوەیە. ریزە چییە شرنەخیش ئەوەیە، مێرسین چییە ریزەش ئەوەیە، ئەنقەرەش ئەوەیە. هەموویان لە دڵماندان، هەموویان لە باوەشماندان. هەموویان بۆ ئێمە یەکن و یەکسانن."
یۆنتەر گوتیشی: "ئێمە هیچ کەسێکمان پەراوێز نەخستووە، جیاکاریمان نەکردووە جیامان نەکردووەتەوە، بە کەم تەماشامان نەکردووە و وەکو هاووڵاتی پلە دوو مامەڵەمان لەگەڵدا نەکردووە".
یۆنتەر لە قسەکانیدا سەبارەت بەو پرۆسە نوێیەی کە لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا و دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکردووە گوتی: "کۆت و بەندەکانی سەدەکانی تورکیا لادەبرێن. لە سەد ساڵەی نوێدا تورکیایەکی دوور لە تیرۆر دادەمەزرێت".
پڕۆسەی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە یەکی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، لەگەڵ کردنەوەی خولی نوێی پەرلەمانی تورکیا و تەوقەکردنی دەوڵەت باخچەلی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی بووە رۆژەڤی تورکیا و باکووری کوردستان.
رۆژی چوارشەممە لە 23ـی تشرینی یەکەمی 2024 دوای 43 مانگ، عومەر ئۆجەلان، برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی روها، سەردانی زیندانی ئیمراڵی کرد و یەکەم پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی سەبارەت بە پرۆسەکە بۆ رای گشتی ئاشکرا کرد کە گوتبووی: "دەتوانم پرۆسەکە لە شەڕ و تووندوتیژییەوە بگوازمەوە بۆ زەمینەیەکی سیاسی".