پێشنیازی وەرگێڕی کوردی لە پەرلەمانی تورکیا رەتکرایەوە

01-11-2024
هەوار ئیسماعیل
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پێشنیازێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی سەبارەت بە دامەزراندنی ستافێکی وەرگێڕانی زمانی کوردی لە پەرلەمانی تورکیا، بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و مەهەپە رەتکرایەوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 31ـی تشرینی یەکەم، دەم پارتی لە کۆمیسیۆنی پلاندانان و بودجەی پەرلەمان پێشنیازی کرد کە ستافی وەرگێڕانی کوردی لە پەرلەمان دامەزرێت بۆ ئەوەی زمانەکانی دیکە، بە تایبەت زمانی کوردی بخرێتە ناو چالاکییەکانی پەرلەمانەوە.
 
لە پێشنیازەکەدا هاتووە، "لە پەرلەمانی تورکیا کە نوێنەرایەتی کۆمەڵگە دەکات، لەم جوگرافیایەدا هیچ جێگایەک بۆ زمانی دایکی گەلانی دیکە دانەنراوە. هەر بۆیە زۆر جار بەتایبەت لە گفتوگۆکانی کورسیی پەرلەمان و کاروباری یاسادانان کێشە دروست دەبێت و جگە لە زمانی تورکی زمانە دێرینەکانی ئەم خاکە پشتگوێ دەخرێن."
 
دەم پارتی لە پێشنیازەکەیدا داوای کرد، ستافی وەرگێڕانی کوردی دابمەزرێنن، بەڵام ئەو پێشنیازە بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی ئاکپارتی و مەهەپە رەتکرایەوە.
 
زۆر جار لە پەرلەمانی تورکیا کاتێک بەشێک لە پەرلەمانتارانی دەم پارتی دەیانەوێت گوتارێک بە زمانی کوردی پێشکەش بکەن، دەستبەجێ مایکەکەیان بێدەنگ دەکرێت و دەنگیان دەبڕدرێت. جگە لەوەش زمانی کوردی کە زمانی ملیۆنان کوردی باکووری کوردستانە، لە نووسراوەکانی حکومەت و پەرلەمان بە زمانێکی نەزانراو (X) دادەنرێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە