دیلان پۆڵات و هاوژینەکەی لە ئیستەنبووڵ دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ 

دیلان پۆڵات بازرگانی دیاری تورکیا و ئەنگین پۆڵاتی هاوژینی لەلایەن ئاسایشی ئیستەنبووڵەوە دەستگیرکران.
 
هێزەکانی ئاسایشی ئیستەنبووڵ لە ئۆپەراسیۆنێکدا نیوەشەوی رابردوو لەسەر بڕیاری نووسینگەی داواکاری گشتی، هەریەکە لە دیلان پۆڵات، ئەنگین پۆڵات، سڵا دۆغو، کورشات پۆڵات و ئەحمەد گیونی دەستگیرکرد. 
 
ماڵباتی پۆڵات، بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە، قومارخانە، گرەوکردن لەسەر یارییە وەرزشییەکان، خۆدزینەوە لە باج و چەند بابەتێکی دیکە بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە.
 
ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە داراییەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی ئیستەنبووڵ دەستیپێکرا. ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی 26-10-2023 هەر لەسەر بڕیاری داواکاری گشتی، ئاسایشی ئیستەنبووڵ کۆمپانیاکەیان پشکنی.
 
 
دیلان پۆڵات کێیە؟
 
دیلان پۆڵات لە 21-7-1990 لە ئیستەنبووڵ لەدایکبووە و بەگوێرەی گوتەکانی خۆی، باوکی خەڵکی ئەدەنەیە. هاوژینەکەی ناوی ئەنگینە و دوو منداڵیان هەیە. دیلان سەرەتا وەکو فۆتۆگرافەرێک دەرکەوت و دواتریش لە بابەتی جوانکاریدا درێژەی بە کارەکەی دا و ساڵی 2017 سەنتەرێکی جوانکاریی کردەوە. سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونەکانی دیلان پۆڵات ببوونە رۆژەڤی میدیا و تا دەهات ناوبانگی دیلان پۆڵات زیاتر دەبوو. تاوەکو لە شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان و تورکیا و لە وڵاتانی دیکەش سەنتەری تایبەت بە براندی دیلان پۆڵات کرانەوە. لقی سەنتەری جوانکاریی دیلان پۆڵات لە شاری هەولێریش کراوەتەوە. 
 
دیلان پۆڵات زیاتر لە ئینستاگرام چالاکە و نزیکەی 7 ملیۆن فۆڵۆوەرسی هەیە. لە ماوەی دواییدا دیلان پۆڵات لەگەڵ چەند کەسانێک کەوتە رکابەری و رۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڤیدیۆی بڵاودەکردەوە و بە تووندی هێرشی دەکردە سەر ئەو کەسانە. دیلان پۆڵات و ئەنگین پۆڵات زنجیرەیەک تۆمەتیان لەسەرە، بەڵام ئەوان رەتیدەکەنەوە دەستیان لە هیچ کارێکی نایاساییدا هەبێت.