کۆگەیەک و شوێنکارێک لە ئیستەنبووڵ ئاگریان گرت


رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە شوێنێکی کار لە ناوچەی چاتاڵجای ئیستەنبووڵ گڕی گرت و دوای زیاتر لە دوو کاژێر، ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنترۆڵکرا.
 
ئەو شوێنی کارە دەکەوێتە گەڕەکی چاکڵ لە ناوچەی چاتاڵجای ئیستەنبووڵ؛ ناوچەکە قەرەباڵخە و ژمارەیەکی زۆر کارگە و نووسینگەی بازرگانی لێیە. 
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە هۆکارێکی نادیار ئەو شوێنی کارە کە کۆگایەکی گەورەشی لەگەڵدایە، گڕی گرت. تیمەکانی بەرگریی شارستانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ تیمەکانی جەندرمە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و بە ماوەی نزیکەی دوو کاژێر ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کرد. 
 
تیمەکانی ئاسایش دەستیان بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەبارەی کەوتنەوەی ئاگرەکە کرد و گوتەیان لە ژمارەیەک کەس وەرگرت. 
 
بەگوێرەی ئاماری سەرۆکایەتیی بەرگریی شارستانیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ، ساڵی 2022 لەو شارەدا 22 هەزار و 554 ئاگر کەوتنەوە تۆمارکراون؛ 6 هەزار و 572 ماڵ، 2 هەزار و 103 شوێنی کار و هەزار و 797 ئۆتۆمبیل سووتاون. زۆرترین ئاگرکەوتنەوەش لە ناوچەی ئەسەن یورت بووە کە 4 هەزار و 752 ئاگر بوون.