تورکیا: 20 پێگەی پەکەکەمان لە باکووری عێراق بۆردوومانکرد
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا کە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 1-10-2023 بڵاویکردووەتەوە، هێزی ئاسمانیی تورکیا کاژێر 21:00ـی یەکشەممە بۆردوومانی 20 پێگەی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەی لە باشووری کوردستان کردووە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، "ئەو ئۆپەراسیۆنە لە دژی پەکەکەیە کە لە باکووری عێراقەوە هەڕەشە لە خەڵکی تورکیا دەکات." لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی تورکیادا هاتووە: "ئۆپەراسیۆنەکە بۆ لەنێوبردنی هێرشە تیرۆریستییەکان و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکانمان کراون. هەروەها پشتئەستوور بە بڕگەی 51ـی رێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە مافی بەرگری لە خۆکردنە لە باکووری عێراق؛ ناوچەکانی مەتین، خواکوڕک، قەندیل و گارە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی کراون".
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لەو ئۆپەراسیۆنانەدا پەناگە، ئەشکەوت و کۆگەی پەکەکە بۆردوومان کراون و 20 ئامانج پێکراون. هەروەها باسی لەوە کردووە کە ژمارەیەکی زۆر گەریلا گیانیان لەدەستداوە، بەڵام هیچ ژمارەیەکی دیارینەکردووە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا جەختی لەوە کردووەتەوە، لەو بۆردومانانە "رێکاری تەواومان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی زیان بە خەڵکی سڤیلی بێتاوان، دۆستان، شوێنەواری مێژوویی و کولتووری نەگات."
تاوەکو ئێستا، راگەیاندنی پارتی کرێکارانی کوردستان، هیچ راگەیێندراوێکی لەوبارەوە بڵاونەکردووەتەوە.
بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی چنگ - قوفڵ لەلایەن سوپای تورکیاوە لە چەند ناوچەیەکی خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد.