وەزارەتی نێوخۆی تورکیا دەڵێت یەکێک لە ئەنجامدەرانی هێرشەکەی ئەنقەرە ئەندامی پەکەکە بووە

01-10-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی نێوخۆی تورکیا رایگەیاند، یەکێک لەو دوو کەسەی هێرشیان کردە سەر وەزارەتی نێوخۆی ئەو وڵاتە ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەیە.
 
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 1-10-2023 وەزارەتی نێوخۆی تورکیا رایگەیاند، یەکێک لەو دوو کەسەی هێرشیان کردە سەر وەزارەتی نێوخۆی ئەو وڵاتە ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەیە.
 
ئەو راگەیێندراوەی وەزارەتی نێوخۆی تورکیا لەکاتێکدایە کە ئێوارەی هەمان رۆژ پەکەکە لەڕێی میدیای نزیک لە خۆیەوە هێرشەکەی بەردەم وەزارەتی نێوخۆی تورکیای لە ئەستۆ گرت.
 
لە راگەیێندراوەکەی میدیای نزیک لە پەکەکەدا هاتووە: "هێرشەکە وەکو ئەوەی پلانی بۆ داڕێژرابوو، بەڕێوەچوو، ئاکەپە و مەهەپە زەرەر و زیانەکانی خۆیان لە رای گشتی دەشارنەوە، کەتیبەی فیدایی نەمران دەیانتوانی بە گۆڕانکارییەکی بچووک لە کاتی چالاکییەکە ئەنجامی جیاوازتر بپێکین، بەڵام بە مەبەست ویستیان بەوجۆرە چالاکییەکە بکەن و پەیامێک بەو دامەزراوەیە بدەن".
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ئەم چالاکییە بەرپەرچدانەوەی تاڵانکاری و کۆمەڵکوژیی فاشیزمانەیە لە رۆژئاوای کوردستان، هاوکات وەڵامێکە بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە دژی گەریلا، ئەم چالاکییە بەتایبەتی لە رۆژی کرانەوەی پەرلەمان لەلایەن رۆژهات زیلان و ئەرداڵ شاهین ئەنجامدراوە."
 
کاژێر 9:30ی رۆژی یەکشەممە، 1-10-2023 کرایە سەر وەزارەتی نێوخۆی تورکیا و لە ئاکامدا دوو هێرشکارەکە گیانیان لەدەستدا و دوو پۆلیس بریندار بوو.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی شەوکەت هەرکی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە ئەنقەرە، ئەو دوو هێرشکارە رۆژی شەممە، 30-9-2023 لە پارێزگای کایسەری پزیشکێکی ڤێتێرنەری دەکوژن و ئۆتۆمبیلەکەشی دەڕفێنن. هەر بەو ئۆتۆمبێلە بەڕێکەوتوون بۆ ئەنقەرەی پایتەخت. 
 
ئەو دوو کەسە بەیانیی رۆژی یەکشەممە، 1-10-2023 گەیشتوونەتە ئەنقەرە کە هاوکات یەکەم رۆژی وەرزی نوێی پەرلەمانە، دوو هێرشکارەکە کاژێر 9:30ی بەیانی هێرشیان کردە سەر وەزارەتی نێوخۆ و تەقەیان لە پۆلیسەکانی بەر دەرگای ئەو وەزارەتە کرد. 

 

ئەو شوێنە نزیکە لە دەرگای چانکایای پەرلەمان کە دەرگایەکی تەشریفییە و تایبەتە بە هاتوچۆی بەرپرسان. هەروەها زۆربەی وەزارەتەکان و بەشێک لە باڵیۆزخانەکانی وەکو باڵیۆزخانەی ئەمریکا و فەرەنسا دەکەونە سەر ئەو شەقامە.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە