وەزیری ناوخۆی تورکیا: دوو تیرۆریست لە ئەنقەرە هێرشێکیان ئەنجامدا
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لە نزیک وەزارەتی نێوخۆی ئەو وڵاتە تەقینەوەیەک روویدا، دواتر دەنگی تەقە بیسترا. وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند تەقینەوەکە خۆکوژی بووە.
عەلی یەریلکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەمڕۆ (یەکشەممە، 1-10-2023) لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند تەقینەوەکە دەوروبەری کاژێر 09:30ـی بەیانیی ئەمڕۆ روویداوە. دوو کەس بە ئۆتۆمبێلێکەوە هێرشیان کردووە و یەکێکیان خۆی تەقاندووەتەوە، ئەوەی دیکەش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرا، لە ئەنجامی ئەو هێرشەشدا دوو پۆلیس بە سووکی بریندار بوون.
لەبارەی ئەو رووداوە، د. شەریف مەنتەشە، شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بە رووداوی گوت 'ئەو هێرشە تیرۆرستییە و دەستی نێودەوڵەتیی لەپشتە.''
د. شەریف گوتی "ئەوەی دیارە ئەوەیە ئەو هێرشە لەلایەن ئەو کەسانەوە کراوە کە یاریی پیس لەسەر وڵاتی ئێمەدا دەکەن، ئارامی و ئاسایشی خەڵک دەکەنە ئامانج یان بەڕێوەبەرایەتییەکانی وڵات دەکەنە ئامانج، دەشکرێت یەکگرتن و یەکێتیی وڵاتیەکەمان بە ئامانج بکەن.. ناو گرنگ نییە، بەڵام ئەو تیرۆرستانەی یەکێتی و ئارامیی خەڵک دەکەنە ئامانج، ئەوانە هێرشەکەیان ئەنجامداوە.''
دوای راگەیاندنەکەی وەزیری ناوخۆی تورکیا، داواکاری گشتیی ئەنقەرە رایگەیاند ئەوان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
هێرشەکە لە ناوچەی کزڵای لەبەردەم وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ئەنجامدراوە، کە دەکەوێتە ناوەندی شاری ئەنقەرە. جگە لە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا هەریەک لە باڵەخانەکانی پەرلەمان، وەزارەتی بەرگری، فەرماندەیی جەندرمە، فەرماندەیی هێزەکانی دەریاوانی و سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی تورکیا تەنیا چەند سەت مەترێک لە شوێنی تەقینەوەکەوە دوورن، هەموو رێگەکانیش کە دەچنە ناوچەکە داخران.
ئەم هێرشە لەکاتێکدا کرا، کە لەدوای پشووی هاوین ئەمڕۆ یەکەم رۆژی دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی تورکیا بوو.
هەتاوەکو ئێستا هیچ کەس و لایەنێک ئەنجامدانی ئەو هێرشەی نەگرتووەتە ئەستۆ.
ڤیدیۆیەک لە شوێنی تەقینەوەکەی ئەنقەرە کە تایبەت بۆ رووداو نێردراوە: