رووداو دیجیتاڵ
یاداشتنامەی داواکاریی ناردنی سەربازی تورکیا بۆ وڵاتی قەتەر لەکاتی بەڕێوەچوونی مۆندیال، بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان گەیشتە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا.
بەپێی ئەو یاداشتنامەیە، سوپای تورکیا ژمارەیەک سەرباز دەنێرێتە وڵاتی قەتەر بۆئەوەی بەشداری بکەن لە "ئۆپەراسیۆنی قەڵخانی جامی جیهانی"دا، کە ئەرکیان پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیە لەکاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی مۆندیالی 2022.
یاداشتنامەکە ئەمڕۆ شەممە 01-10-2022 بە واژۆی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا نێردرایە سەرۆکایەتیی پەرلەمان. لە ئەگەری پەسندکرانی ئەو یاداشتنامەیەدا سەربازانی تورکیا رۆژی 21-11-2022 تاوەکو 18-12-2022 لە قەتەر لە ئەرکدا دەبن.
لە یاداشتنامەکەدا باس لەوە کراوە، وڵاتی قەتەر بە مەبەستی سەرکەوتن لە "ئۆپەراسیۆنی قەڵخانی جامی جیهانی" بە هاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەک لە وڵاتان لەکاتی بەڕێوەچوونی یارییەکانی مۆندیالدا سنوورە ئاوی، وشکانی و ئاسمانییەکانی دەپارێزێت؛ بۆ ئەو مەبەستەش قەتەر داوای لە "وڵاتانی دۆست" کردووە هێزی بۆ بنێرن.
لە یاداشتنامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، قەتەر جگە لە تورکیا داوای لە وڵاتانی ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا و پاکستانیش کردووە هێزی بۆ بنێرن.
تورکیا و قەتەر رۆژی 23-05-2007 لێکتێگەیشتنی هاوئاهەنگیی سەربازی و راهێنانیان واژۆ کردووە؛ رۆژی 28-04-2016 لەڕێگەی رێککەوتنێکەوە هێزی سەربازیی تورکیا رەوانەی قەتەر کراون و لە ماوەی رابردووشدا چەند رێککەوتنێکی دیکە لەنێوانیاندا واژۆ کراون. ئێستاش حکومەتی تورکیا دەیەوێت پشت ئەستوور بەو رێککەوتن و لێکتێگەیشتنانە سەربازانی وڵاتەکەی بنێرێتە قەتەر کە ئەم ئەرکە تایبەتە بە مۆندیال و لەگەڵ کۆتاییهاتنی یارییەکان کۆتایی دێت.
ئەمساڵ 22ەمین پاڵەوانێتیی جامی جیهانیی فیفا بۆ یەکەمجار لە وڵاتی قەتەر بەڕێوەدەچێت؛ بۆ یەکەمجار لە رۆژھەڵاتی نێوەڕاست و دووەم جار لە ئاسیادا دەبێت کە وڵاتێک میوانداریی ئەو پاڵەوانێتییە دەکات. قەتەر ساڵی 2010 مافی بەشداریکردنی جامی جیهانیی 2022ی پێ بەخشرا. پاڵەوانێتییەکە رۆژی 21-11-2022 تاوەکو 18-12-2022 بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ