رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی پزیشکانی تورکیا دەڵێت، لە 8 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 1938 پزیشک لە سەرجەم پسپۆڕییەکاندا دوای دەستلەکارکێشانەوەیان داوای پاکانەئەستۆیان کردووە بۆئەوەی لە دەرەوەی وڵات درێژە بەکاریان بدەن.
ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی یەکێتیی پزیشکانی تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر زانیارییەکەی بڵاوکردەوە و دەشڵێت، ئەو پزیشکانەی دەستلەکاردەکێشنەوە دوای تەواوکردنی خولی ئەکادیمی زمانە بیانییەکانی تایبەت بەدەستەواژە پزیشکی و تەندروستییەکان روو لە وڵاتانی ئەوروپا دەکەن.
یەکێتیی پزیشکانی تورکیا دەڵێت، پزیشکەکان زیاتر روو لە ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا دەکەن، بەڵام دەرفەتی کارکردنیان و کارئاسانیکردن بۆیان لە ئەڵمانیا لە شوێنەکانی دیکە زیاترە.
رۆژی 14ی ئاداری 2022، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارێکیدا تیشکی خستە سەر دۆخی پزیشکانی تورکیا بەتایبەتی ئەوانەی دەستیان لەکارکێشاوەتەوە و لە ئەوروپا و ئەمریکا کاردەکەن و رایگەیاند: "دەوڵەت پارەیەکی زۆر لە کەرتی تەندروستی خەرج دەکات، کەچی پزیشکان دەچنە دەرەوەی وڵات. کێ دەڕوات با بڕوات ئێمە گوێی پێنادەین. لە شوێنی ئەوان، پزیشکی تازە دەرچوو و خوێنی گەرم دادەمەزرێنین". ئەم گوتارەی ئەردۆغان رەخنەی توندی پزیشکانی تورکیای لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدواوە هات.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی یەکێتیی پزیشکانی تورکیا، لە ساڵی 2012دا 59 پزیشک، لە ساڵی 2013دا 90 پزیشک، لە ساڵی 2014دا 118 پزیشک، لە ساڵی 2015دا 150 پزیشک، لە ساڵی 2016دا 245 پزیشک، لە ساڵی 2017دا 482 پزیشک، لە ساڵی 2018دا 802 پزیشک، لە ساڵی 2019دا 1047 پزیشک، لە ساڵی 2020دا 931 پزیشک و لە ساڵی 2021دا 1405 پزیشک لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستیان لەکارکێشاوەتەوە و بەشێکی زۆریان چوونەتە دەرەوەی وڵات.
یهكێتیی پزیشكانی توركیا، رێكخراوێكه نوێنهرایهتیی پزیشكانی توركیا دهكات، ساڵی 1953 له ئیستهنبووڵ دامهزراوە، 65 لقی لە باکووری کوردستان و تورکیا ههیه و خاوهنی 101 ههزار ئهندامه.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ