پێشبینی دەکرێت لە 26 پارێزگای تورکیا باران ببارێت

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا پێشبینی دەکات، ئەمڕۆ لە 26 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان باران ببارێت. ئەو کەشە دەبێتەهۆی دابەزینی پلەی گەرما.
 
لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی تورکیا ئاماژە بەوە دەکات، پێشبینی دەکرێت لە پارێزگاکانی قەرس، مەرەش و ئەردەخانی باکووری کوردستان و 23 پارێزگای تورکیا باران ببارێت و تاوەکو درەنگانی شەویش بارانبارینەکە پچڕ پچڕ بەردەوام بێت.
 
کەشناسیی تورکیا دەڵێت، بارانبارینەکە دەبێتە هۆی دابەزینی پلەی گەرما لەو پارێزگایانە، بە جۆرێک ئەمڕۆ (یەکشەممە، 1-9-2024) پلەی گەرما بەگشتی لەو پارێزگایانە لەنێوان 29-33 پلەی سیلیزی دەبێت؛ هەروەها زۆرترین باران لە ئیستەنبووڵ و پارێزگاکانی هەرێمی دەریای رەشی تورکیا دەبارێت. 
 
بەرزترین پلەی گەرمای ئەمڕۆ لە تورکیا و باکووری کوردستان لە دێرسم و رووها بە 40 پلەی سیلیزی دەبێت.