لە ئیزمیر بەهۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس، داوا دەکرێت 42 کەس 15 ساڵ بخرێنە زیندانەوە

01-08-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
دیمەنی ساتی رووداوەکە
دیمەنی ساتی رووداوەکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە دۆسیەی گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتی بەهۆی کارەبا لە شەقامێکی ئیزمیر، داواکاری گشتی داوای سزای 15 ساڵ زیندانیی بۆ 42 گومانلێکراو کرد.
 
دۆسیەی گیانلەدەستدانی دوو کەس بەهۆی کارەبا لە ئیزمیر دوای نزیکەی 20 رۆژ لەلایەن داواکاری گشتییەوە ئامادەکرا و بەرزکرایەوە.
 
بەگوێرەی ئەو دۆسیەیەی ئامادەکراوە، داواکاری گشتی داوا دەکات 42 گومانلێکراو لە دۆسییەکە کە پێکدێن لە ئەندازیار، کرێکار و کارمەندانی شارەوانی و هەموو ئەوانەی پەیوەندییان بەو بابەتەوە هەبووە سزابدرێن، هەریەکەیان بە 15 ساڵ زیندانیکردن.
 
ئێستا، پرۆسەکە لە دادگەی تاوانەکانی ئیزمیر خراوەتە رێکار و چاوەڕێ دەکرێت لە داهاتوویێکی نزیکدا دانیشتنی دادگەی بۆ بکرێت.
 
رۆژی 12-7-2024 دوای ئەوەی بارانی بەلێزمە لە چەند ناوچەیەکی ئیزمیر باری، لە چەند شوێنێک ئاو کۆبووەوە. لە یەکێک لەو شوێنانەدا ئاوەکە بە تەزووی کارەبا بارگاوی ببوو. دوو هاووڵاتی کە لەوکاتەدا بەو شوێنەدا دەپەڕینەوە، کارەبا گرتنی و دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا.
 
سەرەتا ئۆزگە جەرەن دەنیزـی تەمەن 23 ساڵ پێ دەخاتە نێو ئاوەکە و راستەوخۆ دەکەوێت و گیان لەدەستدەدات. ئینانچ ئۆکتەمای تەمەن 44 ساڵ کە نازانێت ئەو کەسە کارەبا گرتوویەتی، هەوڵی رزگارکردنی دەدات، بەڵام ئەویش بە هەمانشێوە گیانی لەدەستدا.  
 
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، کەمتەرخەمی هەبووە و هێڵی کارەبا بە تەواوی دانەپۆشراوە. لەکاتێکدا پێویست بوو کێبڵی گوێزەرەوەی کارەبا 80 سانتیمەتر بخرێتەوە ژێر زەوی، بەڵام قووڵاییەکە 30 سانتیمەتر بووە. هەر بۆیە لەکاتی بارانبارین و کۆبوونەوەی ئاو، ناوچەکەی بارگاوی کردووە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی ئەو دوو کەسە لە ماوەی 10 چرکەدا.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە