دادگەی دەستووریی تورکیا: لێسەندنەوەی مافی پەرلەمانتاری لە جان ئاتاڵای دەستووری نییە
رووداو دیجیتاڵ
دادگەی دەستووریی تورکیا رایگەیاند، لێسەندنەوەی مافی پەرلەمانتاری لە جان ئاتاڵای نادەستوورییە و ئەو بڕیارەش لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکرایەوە.
دادگەی دەستووریی تورکیا خوێندنەوەی خۆی بۆ بڕیاری دادگەی باڵای وڵاتەکە لەبارەی لێسەندنەوەی مافی پەرلەمانتاریی جان ئاتاڵای، پەرلەمانتاری پارتی کرێکاری تورکیا (TIP) راگەیاند و دەڵێت، ئەو بڕیارە هیچ حوکمێکی نییە. بڕیارەکەش ئەمڕۆ پێنجشەممە 01-08-2024 لە رۆژنامەی فەرمیدا بڵاوکرایەوە.
لە بڕیارەکەی دادگەی دەستووریدا هاتووە، "لە 53یەمین دانیشتنی دادگەی دەستووری، کە رۆژی 31-07-2024 بەڕێوەچوو، بڕیاردرا کە ئەو بڕیارەی رۆژی 03-01-2024 لەبارەی لێسەندنەوەی مافی پەرلەمانتاریی شەرافەددین جان ئاتاڵای، پەرلەمانتاری بازنەی هاتای دراوە، هیچ حوکمێکی نییە."
چی روویدابوو؟
جان ئاتاڵای کە لە دۆسیەی "خۆپێشاندانەکانی گەزی"دا بە تۆمەتی "هاوکاریکردن لە هەوڵی لەنێوبردنی حکومەتی کۆماری تورکیا" لە گرتووخانە بوو، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی رۆژی 14-05-2023 بە پەرلەمانتاری پارتی کرێکاری تورکیا (TIP) هەڵبژێردرا.
دوای هەڵبژاردنی، پارێزەرانی جان ئاتاڵای داواکارییان پێشکێش کرد و داوایان کرد ئاتاڵای، کە لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراوە، ئازاد بکرێت و سوێندی یاسایی بخوات.
دوای ئەو هەوڵەی پارێزەرانی، جان ئاتاڵای لەلایەن دادگەی باڵای تورکیاوە بە 18 ساڵ زیندانی سزا درا. جان ئاتاڵای کە ئێستا لە گرتووخانەی سیلیڤری دەستبەسەرە، پێشتر مافی پەرلەمانتاریی لێسەندراوەتەوە.
جان ئاتاڵای تۆمەتبار کراوە بەوەی دەستی لە ناڕەزاییەکانی خۆپێشاندانی گەزی پارک هەیە. بەگوێرەی بڕگەی 83یەمی دەستووری تورکیا، هەرگیز بەبێ بڕیاری پەرلەمان ناتوانرێت مافی پەرلەمانتاری وەربگیرێتەوە، دادگەیی بکرێت یان زیندانی بکرێت.
تائێستا ژمارەیەک پەرلەمانتار کە هەمان دۆخیان هەبووە، بە بڕیاری دادگەی دەستووری، دادگەی باڵا و ئەنجوومەنی سەروەری ئازاد کراون؛ وەکو مستەفا باڵبای، لەیلا گیوڤەن، عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو و ئەنیس بەربەرئۆغڵو.