تورکیا
![هاوسەرۆکی هەدەپە، لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان لەگەڵ ئەندامانی رێکخستنی پارتەکەیدا کۆبووەوە هاوسەرۆکی هەدەپە، لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان لەگەڵ ئەندامانی رێکخستنی پارتەکەیدا کۆبووەوە](https://www.rudaw.net/s3/rudaw.net/ContentFiles/741360Image1.jpg?mode=crop&quality=70&rand=1&scale=both&w=752&h=472&version=5379797)
هاوسەرۆکی هەدەپە، لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان لەگەڵ ئەندامانی رێکخستنی پارتەکەیدا کۆبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەبارەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان رایگەیاند، لە هەموو ناوچەیەکدا بەربژێریان دەبێت.
رۆژی 30ـی حوزەیرانی 2023، پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە، لە پارێزگای وانی باکووری کوردستان لەگەڵ ئەندامانی رێکخستنی پارتەکەیدا کۆبووەوە و باسی لە دوایین پێشهاتەکانی دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆککۆماری تورکیا کرد.
پەروین بوڵدان رایگەیاند، لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا کۆنگرەی ئاسایی پارتەکەیان دەکەن و بڕیارە "هەرە گرنگەکان" لەم کۆنگرەیەدا دەدرێن. جەختی لەوەش کردەوە، ئەندامانی سەرکردایەتیی هەدەپە تاوەکو رۆژی کۆنگرە، بەردەوام لەنێو خەڵکدا دەبن و را و بۆچوونیان لەبارەی گۆڕانکارییەکان و هۆکارەکانی کەمبوونەوەی دەنگەکانیان و کێشە ناوخۆییە و هەموو پرسەکانی دیکەی پەیوەندیدار، وەردەگیرێت.
هاوسەرۆکی هەدەپە باسی لەوەش کرد، لە کۆنگرەدا بڕیار دەدرێت ئاخۆ بەناوی هەدەپە درێژە بە سیاسەت بدەن یان بە ناوی پارتی سەوزی چەپ (یەسەپە) و هەروەها ئەگەری یەکگرتنەوەیان لەگەڵ یەسەپە-دا، پارتەکە چ جۆرە سیاسەتێک دەگرێتەبەر.
لەبارەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان، کە بڕیارە رۆژی 31ـی ئاداری 2024 بەڕێوەبچێت، پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا، ئەم بابەتە وەک بابەتە هەستیارەکانی دیکە لەنێو کۆنگرەدا بڕیاری لەسەر دەدرێت و روونیکردەوە، ئاراستەی بڕیارەکان بۆ ئەوە دەچن لە هەموو ناوچەیەکدا بەربژێری خۆیان دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ