دەروازەی سنووریی نێوان ئەردەخان و جۆرجیا دەکرێتەوە

01-07-2022
هەوار ئیسماعیل
دەروازەی سنووریی نێوان ئەردەخان و جۆرجیا
دەروازەی سنووریی نێوان ئەردەخان و جۆرجیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاووڵاتییانی تورکیا و باکووری کوردستان لە رێگەی دەروازەی تورکگۆزوەوە هاتووچۆی جۆرجیا دەکەن. دەروازەکە ساڵی رابردوو نزیکەی شەش ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکرا بۆ نۆژەنکردنەوەی. بەو هۆیەوە دەروازەکە داخرا، هەرچەندە پرۆسەی نۆژەنکردنەوە بە تەواوەتی کۆتایی نەهاتووە، بەڵام جارێکی دیکە دەروازەکە بەڕووی هاتووچۆی پیادە و ئۆتۆمبێلدا کراوەتەوە. 
 
چەتین دەمیرجی، سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئەردەخان دەڵێت، دەروازەکە "دەبێتە یەکێک لە رووخسارە مۆدێرنەکانی تورکیا کە بە رووی ئاسیای نێوەڕاستدا دەکرێتەوە. جموجوڵێکی زۆر هەیە، چونکە ئەو کۆمپانیایانەی لە رێگەی جۆرجیاوە کاڵا بۆ ئاسیای نێوەڕاست دەگوازنەوە، ئەم رێگەیە هەڵدەبژێرن. پێموایە لە داهاتوودا بە چڕی دەروازەکە بەکاربهێنن". 
 
لەگەڵ دەستپێکردنی جموجوڵ لەو دەروازەیەدا، بارهەڵگرەکان بە درێژایی سێ کیلۆمەتر نۆرەیان گرتووە و قەرەباڵخییەکی زۆر لەسەر سنوور دروستبووە. 
 
جاهید ئولگار، سەرۆکی شارەوانیی دوخور دەڵێت، "دەروازە سنوورییەکان یەکێکن لە خاڵە گرنگەکان بۆ پەرەپێدانی چالاکییە ئابوورییەکانی ناوچەکە. دەروازەی گومرگی تورکگۆزو لەگەڵ تەواوبوونی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی، پێموایە تواناکانی زیاد دەکات و رۆڵێکی بەرچاوی دەبێت لە پەرەپێدانی ناوچەکەمان، هەرێمەکەمان و وڵاتەکەماندا".
 
دەروازەی گومرگی تورکگۆزو لە تەمموزی 1995ـەوە بە فەرمی کراوەتەوە. بێجگە لەم دەروازەیە، چڵدر ئاکتاش دەروازەیەکی دیکەی سنوورییە کە پارێزگای ئەردەخانی باکووری کوردستان بە جۆرجیا دەبەستێتەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە