دادگەی ئیستەنبووڵ لەبارەی دۆسیەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بڕیاردەدات


رووداو هەولێر

دادگەی ئیستەنبووڵ دانیشتنێک لەبارەی دۆسیەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵی جەهەپە دەکات کە بە تۆمەتی بێڕێزیکردن بە ئەندامانی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا کە داوای چوار ساڵ و مانگێک زیندانیکردن و قەدەخەکردنی لە سیاسەت دەکرێت. 
 
دانیشتنەکەی دادگە کاژێر 11:30ـی ئەمڕۆ چوارشەممە 1ـی حوزەیرانی 2022 لە حەوتەمین دادگەی تاوانی ئەنادۆڵی ئیستەنبووڵ بەڕێوەدەچێت، چاوەڕواندەکرێت دادگە بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەکە بدات. 
 
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، دوای ئەوەی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی 31ـی ئاداری 2019 ـی شارەوانییەکانی تورکیا هەڵوەشاندەوە، رایگەیاند، "دەسەڵات ئەو هەڵبژاردنەی لەڕێگەی ساختەکارییەوە نەبردەوە، دەیەوێت بەبڕیاری دەستەی باڵای هەڵبژاردن لەڕێگەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن بیباتەوە". بەهۆی ئەو گوتانەوە سکاڵای یاسایی لەسەر ئیمامئۆغڵو تۆمارکرا. 
 
ئیمامئۆغڵو لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللـەت بوو کە جەهەپە و ئیی پارتی پێکیانهێنا و هەدەپەش پشتیوانی کرد. دوای 25 ساڵ بە پشتیوانیی کورد گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵی لە ژێر دەستی ئاکپارتی دەرهێنا.
 
ئیمامئۆغڵو دوای سەرکەوتنی لە هەڵبژارنەکانی 31ـی ئاداری 2019دا تەنیا 18 رۆژ سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستەنبووڵ بوو و دواتر قەییوومی بۆ دانرا و بەبڕیاری دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئیستەنبووڵ دووبارە کرانەوە. 
 
ئیمامئۆغڵو رۆژی 23ــی حوزەیرانی 2019 بە بەدەستهێنانی 806 هەزار و 426 دەنگ، لە بینالی یڵدرمی رکابەری کە بەربژێری ئاکپارتی بوو، بردەوە و لە ماوەی سێ مانگدا بۆ دووەمجار وەکو سەرۆکی گەورە شارەوانیی ئیستەنبووڵ هەڵبژێردرایەوە.