ئیستەنبووڵ بە 42 هەزار پۆلیس کۆنترۆڵکراوە

01-05-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو-هەولێر

بۆ رێگری لە گردبوونەوە و چالاکییەکانی 1ی ئایار لە تەقسیم و چەند گۆڕەپانێکی دیکە، لە کاژێر 04:00ی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممەوە تەواوی ئەو رێگەیانەی بەرەو تەقسیم دەڕۆن، داخران.
 
هەروەک چۆن پێشتر حکومەتی تورکیا بڕیاری دابوو لە گۆڕەپانی تەقسیم هیچ گردبوونەوەیەکی تایبەت بە جەژنی کرێکاران نەکرێت، ئەم ساڵیش رێگەنەدرا و 42 هەزار پۆلیس لە تەقسیم و دەوروبەری بڵاوەیان پێکراوە.
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری نێوخۆی تورکیا رایگەیاند، "کۆنفیدراسیۆنێک و چەند سەندیکایەک، بەردەوام بانگی خەڵک دەکەن بۆ ئەوەی لە گۆڕەپانی تەقسیم کۆببنەوە. لە کاتێکدا پارێزگای ئیستەنبووڵ بە نووسراو وەڵامیدانەوە کە نابێت ئەو چالاکییانە لە تەقسیم بکرێن."
 
وەزیری نێوخۆی تورکیا هەروەها رایگەیاند، گۆڕەپانی تەقسیم بەهۆی جێکەوتەکەیەوە، بۆ گردبوونەوە و رێپێوان گونجاو نییە و حکومەت شوێنی دیکەی بۆ گردبوونەوەی خەڵک دەستنیشان کردووە.
 
ئێوارەی سێشەممە 30-04-2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رێوڕەسمی 13یەمین خوانی گرووپی کاری پەرلەمان گوتارێکی پێشکێش کرد و گوتی، "نابێت دەرفەت بەو رێکخراوە تیرۆریستییانە بدرێت کە رۆژانە سەرقاڵی بانگەوازن بۆ بەکارهێنانی رۆژی 1ی ئایار بە مەبەستی پڕوپاگەندەکردن. لەم رۆژانەی دواییدا ئۆپۆزیسیۆن و هەندێک پێکهاتەی دیکە، دەیانەوێت تارمایی بخەنە سەر جەژنی یەکی ئایار."
 
لە کاتێکدا کۆمەڵە و رێکخراوەکانی تایبەت بە کرێکاران ساڵانە هەوڵی جیدی دەدەن بۆ ئەوەی لە ناوچەی تەقسیمی ئیستەنبووڵ گردبوونەوە بکەن و ئەم ساڵیش هەمان پلانیان هەیە، ئەردۆغان گوتی، "بۆ 1ی ئایار لە 55 پارێزگادا رێگە بە 103 چالاکی دراوە. جگە لەو شوێنانەی رێگەپێدراون، پێداگریکردن لەسەر هەر گردبوونەوەیەک، دیارە نیازێکی باشی لە پشتەوە نییە."
 
حکومەتی تورکیا هەموو جۆرە چالاکییەکی لە ناوچەی تەقسیم قەدەخە کردووە و چەند شوێنێکی دیکەی بۆ گردبوونەوە و ناڕەزایی دیاریکردووە. ئەمە لە کاتێکدایە بەشێک لە پارتی سیاسی، رێکخراو و سەندیکاکان پێداگرن لەسەر ئەوەی هاوشێوەی ساڵانی پێشوو، لە تەقسیم گردبوونەوە بکەن.
 
1ی ئایار جەژنی جیهانیی کرێکارانە و ساڵانە لە وڵاتاندا بە چالاکیی جۆراوجۆر یادی دەکرێتەوە.
 
ساڵانە لە نزیکەی 80 وڵاتی جیهاندا 1ی ئایار پشووی فەرمییە، لەو رۆژەدا کرێکاران، ریکخراو و سەندیکاکانی تایبەت بە رەنجدەران و کرێکاران، بەتایبەتیش سۆسیالیست، کۆمەنیستەکان و ئانارکیزم بەرێپێوان و گردبوونەوە، یادی رۆژەکە دەکەنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە