رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی دوایین راپرسیی کۆمپانیای ئۆپتیمار، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیادا، ئەردۆغان بە سێ خاڵ لە پێش کەمال کڵچدارئۆغڵو دێت و لە گەڕی دووەمیشدا دەبێتەوە سەرۆککۆمار.
کۆمپانیای ئۆپتیمار لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر بڵاویکردەوە، "تەنیا 14 رۆژ بۆ هەڵبژاردن ماوە و کۆمپانیاکەمان هەڵسەنگاندنی بەردەوام بۆ دۆخی بەربژێرەکانی سەرۆکایەتیی کۆمار و لایەنە سیاسییەکان و هاوپەیمانەکان دەکات."
کۆمپانیاکە راپرسییەکەی لە رۆژانی 25 - 28ی نیسانی 2023 ب ەشێوەیەکی راستەوخۆ لەگەڵ 3005 کەس لە 77 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان کردووە.
کۆمپانیاکە پێشبینی دەکات هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار لەنێوان چوار بەربژێرەکەدا لە گەڕی یەکەمدا کۆتایی پێ نەیەت بەهۆی ئەوەی هیچکام لە بەربژێرەکان 50%ی دەنگەکان بەدەستناهێنن؛ بەمەش دوو رکابەرە سەرەکییەکەی پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار دەکەونە گەڕی دووەم و لە گەڕی دووەمدا کە بڕیارە لە 28ی ئایار بکرێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان 51.4%ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت و کەمال کڵچدارئۆغڵو 48.6%ی دەنگەکان دەباتەوە.
سەبارەت بە دەنگی لایەنە سیاسییەکان و هاوپەیمانەکان، بەپێی راپرسییەکە، ئاکپارتی 38.6%ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت؛ جەهەپە 30.1%، یەسەپە 7.8%، مەهەپە 7.7%، ئیی پارتی 7.0%، مەملەکەت 4.0%، پارتی کرێکاری تورکیا 1.3% و پارتی زافەر 0.9%ی دەنگەکان بەدەستدەهێنن؛ بەمەش هاوپەیمانیی جمهوور 46.3% و هاوپەیمانیی میللـەت 39.1%ی دەنگەکان بەدەست دەهێنن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوورە کە لە ئاکپارتی، مەهەپە، پارتی یەکبوونی مەزن، پارتی سەرلەنوێ خۆشگوزەرانی و هوداپار پێکدێت.
کەمال کڵچدارئۆغڵو بەربژێری هاوپەیمانیی میللـەتە کە لە جەهەپە، ئیی پارتی، پارتی ئایندە، پارتی دێڤا، پارتی دیموکرات و پارتی سەعادەت پێکدێت. هەدەپەش پشتگیری لە کڵچدارئۆغڵو دەکات.
موحەڕەم ئینجە بەربژێری پارتی مەملەکەتە و سینان ئۆغانیش بەربژێری هاوپەیمانیی ئاتای نەتەوەپەرستەکانە کە لە پارتی زافەر، پارتی دادپەروەری، پارتی نیشتمان و پارتی هاوپەیمان پێکدێت.
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردن، رۆژی 14ی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانیی تورکیا دەکرێت. 36 پارتی سیاسی مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنانەدا هەیە. 24 پارتی سیاسی لیستی بەربژێریان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان هەیە و 12 پارتەکەی دیکەش بەناوی هاوپەیمانییەوە دەچنە هەڵبژاردنەکان.
هەر لەم هەڵبژاردنەدا 64 ملیۆن و 113 هەزار و 941 کەس مافی دەنگدانیان هەیە. 60 ملیۆن و 697 هەزار و 843 دەنگدەر لە ناوخۆی تورکیا و سێ ملیۆن و 416 هەزار و 98 دەنگدەریش وەکو رەوەندی ئەو وڵاتە لە دەرەوەی تورکیا دەچنە سەر سندووقی دەنگدان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ