سەردەمێکی نوێ لە تورکیا؛ ئەوەی پێویستە بیزانیت

رووداو دیجیتاڵ
 
دوای 21 ساڵ، 1ی نیسانی 2024 یەکەم رۆژی جەهەپەیە وەکو گەورەترین و یەکەمین پارتی تورکیا. ئاکپارتیش لەو رۆژەوەی دامەزراوە، یەکەمین جارییەتی دەبێتە پارتی دووەمی تورکیا. وەک چۆن دەم پارتی ریزبەندی سێیەمی بۆ سەرلەنوێ پارتی رەفا لەدەستدا و مەهەپەش کەوتە ریزبەنی پێنجەم.
 
بەر لە هەڵبژاردن بە پێی ئەو ئەنجامە جیاجیایانەی کۆمپانیاکانی راپرسی بڵاویان دەکردەوە، کەم تا زۆر دەزاندرا کێ لە کوێ دەنگی چۆن دەبێت. وەک چۆن ئەو شوێنانەی رکابەرییەکانیشی لەسەر توندبوو دیار بوون. بەڵام ئەنجامی دەرچوونی دەنگی ناو سندووقەکان شتێکی دیکەیان گوت؛ هەندێک شتی زۆر جیاواز.
 
سوپرایزەکانی هەڵبژاردن لە باکووری کوردستان
 
لەم هەڵبژاردنەدا چەند پارتێک رێژەی دەنگەکانیان وەها بەرزبووەوە، لە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا و پەرلەمان، دەبنە یەکێک لە هێزە سەرەکییەکانی هەڵبژاردن. لە هەندێک ناوچەش هەندێک پارت دەنگی لە عەقڵ بەدەریان هێناوە. سەرباری ئەوەی هەندێک پارت پەڕ و باڵی کرا و هەندێکیش هەر ناویان نەما.
 
دەم پارتی
 
دەمپارتی لەناو ئەو 81 پارێزگایەی هەیە، 10 سەرۆک شارەوانی بردەوە. بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2019 دوو شارەوانی زیاتر هێناوە. بەڵام ئەمە سوپرایز نەبوو، چونکە بانگەشەکانی لەیلا زانا ئەو بەرچاو روونییەی دابووە چاودێرانی سیاسی. ئەوەی بووە سوپرایز، دەم پارتی بە جیاوازی 198 دەنگ سەرۆکایەتی شارەوانی بەدلیسی بە ئاک پارتی دۆڕاند.
 
ئاکپارتی
 
ئاکپارتی لە باکووری کوردستان لەم هەڵبژاردنە رێژەی دەنگەکانی پاشەکشەی کرد. دەم پارتی مووش و ئاگری لێ بردەوە. سەرلەنوێ پارتی رەفا رووهای لەژێر دەستی دەرهێنا و جەهەپەش لە ناوەڕاستی باکووری کوردستان، سەمسووری لێ بردەوە. لە سیواسیش (بیوک بیرلیک پارتیسی) پارتی یەکگرتوی گەورە بەسەر بەربژێری ئاکپارتی سەرکەوتووە.
 
سەرلەنوێ پارتی رەفا
 
کورد سێ هەڵبژاردنە بەدوای ئەوەیە تاوەکوو سەرۆکی شارەوانی رووها بباتەوە. بەڵام لە هەرسێ هەڵبژاردنی رابردووی شارەوانییەکانی 2014-2019-2024 نەیتوانیووە ئامانجەکەی بپێکێت. بەڵام ئەم هەڵبژاردنە سەرلەنوێ پارتی رەفا، لە پڕ ئەو شارەوانییەی بۆخۆی برد و بووە یەکەم شارەوانی، کە لەم هەڵبژاردنە بەدەستی بێنێت. دواتر یۆزگاتیشی بردەوە.
 
هووداپار
 
سەرباری ئەوەی هیچ سەرۆک شارەوانییەکی بەدەست نەهێناوە، بەڵام لەسەر ئاستی باکووری کوردستان و تورکیا، هووداپار توانیوییەتی 0.55٪ دەنگەکان بەدەست بهێنێت، ئەم رێژەیە دەکاتە 253.603 دەنگ. بەڵام گوومانی تێدا نییە زۆرترین رێژەی ئەو دەنگەی هووداپار هێناوییەتی لە باکووری کوردستانە. بەشێکی زۆری دەنگەکانیشی لە ئاکپارتی، ئینجا لە دەم بردووە.
 
سوپرایزەکانی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی گشتی
 
دوێنێ لەگەڵ ساتی یەکەمی کرانەوەی سندووقەکانی دەنگدان، لەیەک جیاکردنەوە و ژماردنیان و دواتر دانانیان لەسەر سیستمی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، نەخشەی تورکیا سوور دەچووەوە. هەر لە ساتی یەکەمەوە زەنگی ئەم ئەنجامە دەبیندرا.
 
جەهەپە
 
پێچەوانەی هەموو چاوەڕوانییەکان، هیچ رکابەری لە ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستەنبووڵ نەبوو. چوونکە هەر زوو ئەکرەم ئیمامئۆغڵوو بە جیاوازییەکی بەرچاو، بە پێش مووڕاد کوڕوومی رکابەرەکەی کەوتەوە. لە کاتێکدا کۆی ئەنجامی راپرسییەکان جیاوازی نێوان ئەو دوو بەربژێرەیان بە 1٪ دەبینی.
 
لە ئەنقەرەش پێچەوانەی هەموو راپرسییەکان، مانسووڕ یاڤاش لە دەنگهێنان ریکۆردی شکاند و توانی 60.36٪ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت. لەکاتێکدا چاوەڕوان دەکرا مەنسوڕ یاڤاش بە جیاوازی 5٪ رکابەرییەکە بباتەوە، بەڵام ئێستا بە جیاوازی 28.69 جارێکی دیکە بووەوە سەرۆکی شارەوانی ئەنقەرە.
 
جەهەپە لەم هەڵبژاردنە ژمارەی شارەوانییەکانی بۆ 35 شارەوانی بەرزکردەوە. سەرباری ئەوەی پارێزگاری لە شارەکانی مێرسین و ئەنتاڵیا و ئەدەنە کرد، بۆ یەکەمجار سەمسوور و بالکئەسیر و بووڕسا و دەنیزلی و گیرەسوون و چەندان شاری دیکەشی بردووەتەوە.
 
ئی پارتی (پارتی باش)
 
ئەم پارتە مەڕال ئاکشەنەر سەرۆکایەتی دەکات و لە هەناوی مەهەپە هاتووەتە دەرەوە. ئی پارتی لەم هەڵبژاردنە تەنیا سەرۆکایەتی شارەوانی نەڤشەهیری بەدەستهێناوە. بەڵام 50٪ دەنگەکانی لەسەر ئاستی تورکیا لەدەستداوە و باشەکشەیەکی زۆری کردووە.
 
مەهەپە
 
پارتی نەژاد پەرستی تورکی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ کەمیکردووە. لە کۆی 10 سەرۆک شارەوانی، کە یەکێکیان شارەوانی گەورە بوو، لەم هەڵبژاردنە تەنیا 8 شارەوانی بردووەتەوە، بە بێ شارەوانییە گەورەکە.
 
سەرجەم سندووقەکان کرانەوە
 
بە پێی ئەو ئەنجامە نافەرمیانە بێت کە ئەمڕۆ 1ی نیسان بڵاوکرانەوە، دوای ئەوەی 100٪ی سندووقەکان کرانەوە، ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیای 31-03-2024 بەم شێوەیەیە:
 
جەهەپە: 37.76٪ 
ئاکپارتی: 35.48٪
سەرلەنوێ پارتی رەفا: 6.19٪
دەم پارتی: 5.70٪
مەهەپە: 4.99٪
ئی پارتی:3.77٪
هووداپار: 0.55٪
 
بە پێی ئەو ئەنجامانە بێت، بەراورد بە ئەنجامی هەڵبژاردنی رابردووی شارەوانییەکانی ساڵی 2019، جەهەپە و دەم پارتی و سەرلەنوێ پارتی رەفا و هووداپار دەنگیان زیادیکردووە. بەڵام ئاکپارتی و مەهەپە و ئی پارتی دەنگیان کەمی کردووە.
 
هۆکاری بەرز و نزم بوونی دەنگی پارتەکان
 
ئەو شارانەی باکووری کوردستان کە مانگی 2ی ساڵی رابردوو، بوومەلەرزەیان تێیدا روویدا، دەنگدەرانیان بەشی زۆری شارەوانی شارەکانیان گۆڕیوە. بۆ نمونە هاتای لەژێر دەستی جەهەپە بوو، بەڵام ئەمجارە ئاکپارتی بردوویەتی. لە سەمسوور ئاکپارتی سەرۆکایەتی شارەوانی لابوو، بەڵام دوێنی دەنگدەر جەهەپەیان هەڵبژاردووە. لە رووها کە ئەویش بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانی زۆری پێگەیشت، لەدەست پارتی داد و گەشەپێدان بوو، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە کەوتە دەستی سەرلەنوێ پارتی رەفا.
 
دۆخی ئابووری
 
یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی لەدەستدانی بەشێک لە شارەوانییەکان لەلایەن ئاکپارتییەوە، بۆ خراپی دۆخی ئابووری تورکیا دەگەڕێتەوە. ئەردۆغان دوێنێ شەو دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە، هەم رەخنەی لە خۆیان گرت، هەم دانی بە کەمکردنەوەی دەنگەکانی هێنا، هەمیش باسی ئەوەی کرد کار بۆ چاککردنی دۆخی ئابووری خەڵکەکەی دەکات.
 
کاریگەری دەنگی کورد
 
جەهەپە زۆر شارەوانی تازەی بردووەتەوە، گوومانی تێدا نییە بەشێکیان بە دەنگی کورد و لە سایەی رێککەوتنی لەگەڵ دەم پارتی بووە. لەوانە مێرسین و ئەنتاڵیا و ئادەنە لە شارە دیارەکانن. هەرچی تایبەتە بە ئیستەنبووڵیش، بە هەمان شێوە. چوونکە دەم پارتی لە ئیستەنبووڵ رێژەی دەنگەکانی 10٪ یە بەڵام لەم هەڵبژاردنە 2٪ یان هێناوە. ئەمە واتای ئەمەیە 8٪ دەنگدەری دەم پارتی لەو هەڵبژاردنە دەنگیان بە ئەکرەم ئیمامئۆغڵوو داوە.
 
هەڵبژاردنی ساڵی 2028
 
لە ئێستاوە پارتەکان کار بۆ هەڵبژاردنی گشتی ساڵی 2028 دەکەن. ئەوانی سەرکەوتو بوون دەیانەوێت درێژە بەو سەرکەوتنە بدەن، ئەوانی دیکەش دەیانەوێت شکستەکانیان چارەسەر بکەن. بۆیە دەکرێ ئەم هەڵبژاردنە بە گەڕێکی سەرەتایی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریش ببینین.