لە جۆلەمێرگ باوکێک بۆ ئاکپارتی و کچەکەی بۆ یەسەپە هەوڵی خۆبەربژێرکردن دەدەن

01-04-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

داوای بەربژێربوونی بازرگانێکی ناسراوی جۆلەمێرگی باکووری کوردستان لەسەر لیستی ئاکپارتی و داوای کچەکەی لەسەر لیستی یەسەپە، بووەتە جێی مشتومڕ لە ناوچەکەدا؛ باوکەکە دژایەتیی خۆی بۆ داوای کچەکەی نیشاندا و کچەکەشی دەڵێت، "هەرگیز ناکشێمەوە."
 
لە جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، بازرگانێکی کورد بە ناوی محەممەد سەڤەن کە لە سەرەتای دامەزراندنی ئاکپارتییەوە ئەندامی ئەو پارتەیە، فۆرمی خۆبەربژێرکردنی بۆ پەرلەمانتاری پڕکردووەتەوە. هەروەها کچەکەی زوزان سەڤەن کە مامۆستایە و ئەندامی پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپەیە، فۆرمی خۆبەربژێکردنی لە پارتی سەوزی چەپ - یەسەپە پڕکردووەتەوە. ئەمەش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەتی کە بنەماڵەی ئەو کچە بە ئەندام و لایەنگری ئاکپارتی دەناسرێن و کچەکەیان لەسەر لیستی یەسەپە خۆی بەربژێر کردووە.
 
لەبارەی داوای بەربژێربوون لەلایەن کچەکەی لە یەسەپە، کە لیستێکی تایبەت بە هەدەپەیە، محەممەد سەڤەن رایگەیاند، "ئەو داواکارییە بێ پرس و زانیاریی بنەماڵەکەی بووە. ئەمە بژاردەی کچەکەم خۆیەتی و هیچ پەیوەندییەکی بە بنەماڵەکەمانەوە نییە. نزیکەی 20 ساڵە لەنێو ئاکپارتی سیاسەت دەکەم، کچەکەم لە هەکاری ناژی و شارەزای دۆخی کۆمەڵایەتیی ناوچەکە نییە. لەو باوەڕەدام کەسانێک ئاراستەیان کردووە و ئەو هەنگاوەی ناوە. داوای کچەکەم بۆ بەربژێربوونی لە یەسەپە هەموومانی نیگەران کردووە، بەتایبەتی من."
 
دوای ئەو روونکردنەوەیەی باوکی، زوزان سەڤەن لە هەژماری خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە، کە باس لەوە دەکات، خۆی بە نزیک لە هەدەپە دادەنێت و داوایکردووە لە جۆلەمێرگ یان شرناخ خۆی بەربژێر بکات. زوزان سەبارەت بە گوتەکانی باوکی رایگەیاندووە، "باوکم کە یەکێک لە بازرگانە ناسراوەکانی هەکارییە، لەڕێی میدیای لۆکاڵییەوە جەختیکردووەتەوە کە پشتگیریم ناکات."
 
زوزان رایگەیاند، دوای ئەو بڕیارەی باوکی پرسیاری زۆری لەبارەی ئەگەری کشانەوەی لە بەربژێربوون لەسەر لیستی یەسەپە لێکراوە و بە پێویستی زانی روونکردنەوەیەک بڵاوبکاتەوە. راشیگەیاند، "کشانەوە لە داواکەم بۆ بەربژێربوونم جێی باس نییە. ئەگەر ئەمە بکەم، وەک ژنێک سازش لەسەر ئازادیی خۆم دەکەم، هەروەها دەبێتە هۆی شکانی ئیرادەی ژنان و چەوساوەکان. هەر بۆیە بەردەوام دەبم لە داکۆکیکردن لە مافی ژنان و رەنجدەران و خەڵک بە گشتی. هەرگیز واز لە تێکۆشانی ئازادی ناهێنم."
 
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردن، رۆژی 14ی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانیی تورکیا دەکرێت. 36 پارتی سیاسیی مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنانەدا هەیە. هەروەها بۆ پۆستی سەرۆککۆماریی تورکیا هەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهووری و کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور و موحەڕەم ئینجە، بەربژێری پارتی مەملەکەت و سینان ئۆغان، بەربژێری هاوپەیمانیی ئاتا لە کێبڕکێدان.
 
هەر لەم هەڵبژاردنەدا 64 ملیۆن و 191 هەزار و 285 دەنگدەر هەن. 60 ملیۆن و 904 هەزار و 499 دەنگدەر لەناوخۆی تورکیا و 3 ملیۆن و 286 هەزار و 786 دەنگدەریش وەک رەوەندی ئەم وڵاتە لە دەرەوەی تورکیا دەچنە سەر سندووقی دەنگدان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە