ئەردۆغان: هاوپەیمانییەک دەست لەناو دەستی تیرۆر بنێت ناتوانێت خزمەتی تورکیا بکات

01-04-2023
هێمن عەساف
نیشانەکردن رەجەب تەییب ئەردۆغان هەڵبژاردنی تورکیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا هێرشیکردە سەر هاوپەیمانیی میللەت و رایگەیاند، هاوپەیمانییەک دەست لەناو دەستی "تیرۆریستان" بنێت، ناتوانێت هیچ جۆرە خزمەتێک پێشکێشی وڵات بکات. 
 
دوای تەواوکردنی گەشتەکەی بۆ پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان، رەجەب تەییب ئەردۆغان، ئێوارەی رۆژی هەینی (31ـی ئاداری 2023) سەردانی پارێزگای کیلیسی کرد و بەشداری لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی ژمارەیەک یەکەی نیشتەجێبوون کرد. 
 
ئەردۆغان لە کیلیس گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، وڵات پێویستی بە سیستمێکی بەهێز هەیە بۆ ئەوەی لە رووداوە کارەساتبارەکاندا بەوپەڕی خێراییەوە بەهانای خەڵکەوە بێت و هەموو پێداویستییەکانیان فەراهەم بکات و قەیرانەکان بەباشترین شێوە بەڕێوەببات. 
 
سەرۆککۆماری تورکیا بە ناڕاستەوخۆ هێرشی کردە سەر کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانی میللـەت بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا و گوتی "ناکرێت ئەم کارە مەزنانە بە کەسێک رابسپێردرێت کە توانای بەڕێوەبردنی پێنج، شەش کەسی لەسەر مێزێکی بچووک نییە. چۆن چارەنووسی 85 ملیۆن هاووڵاتیی پێ بسپێردێرێت؟ بەتایبەتیش کاتێک دەست لەناو دەستی تیرۆریستان بنێت و شانبەشان لەگەڵیاندا هەنگاو بنێت و باوەش لەیەکدی بدەن، ناتوانن هیچ جۆرە خزمەتێک پێشکێشی وڵاتەکەم و کیلیس بکەن، ئەمانە هیچ شتێکیان پێ نییە".
 
رۆژی 14ـی ئایار، هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بەڕێوەدەچێت. هەر یەک لە رەجەب تەییب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانی جمهوور و کەمال کڵچدارئۆغلو، بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆمار دەکەن.
 
ئەم گوتانەی ئەردۆغان لەکاتێکدان، 20ـی ئاداری 2023، کەمال کڵچدارئۆغڵو سەردانی هەدەپەی کرد و لەگەڵ میدحەت سانجار و پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکانی هەدەپە کۆبووەوە، پاشان لە 24ـی ئاداردا هەدەپە رایگەیاند هاوپەیمانی رەنج و ئازادی، کە هەدەپە و شەش لایەنی چەپ پێکیانهێناوە، بەربژێریان بۆ سەرۆکایەتی کۆمار نابێت و 28ـی ئاداریش بەفەرمی پاڵپشتیکردنیان بۆ کەمال کڵچدارئۆغڵو راگەیاند. 
 
دوای ئەم راگەیاندنە، هاوپەیمانی جمهوور لە بەرەی دەسەڵات کە لە ئاکپارتی، مەهەپە، پارتی یەکبوونی مەزن، پارتی سەرلەنوێ خۆشگوزەرانی و هوداپار پێکهاتووە، تۆمەتیان خستەپاڵ هاوپەیمانی میللـەت کە پێشتر بە هاوپەیمانی شەشقۆڵی (جەهەپە، ئیی پارتی، پارتی دێڤا، پارتی ئاییندە، پارتی دیموکرات و پارتی سەعادەت) ناسرابوو کە هاوپەیمانی حەوت قۆڵییە و هەدەپە لایەنی حەوتەمی پشت پەردەیە. 
 
رەجەب تەییب ئەردۆغان لە 30ـی ئاداری 2023 لە گوتارێکدا رایگەیاند، "هاوپەیمانی میللـەت سازش بۆ هەدەپە دەکات. سازشکردن بۆ هەدەپە واتە ملکەچبوون بۆ خواستی سەرانی قەندیل (وەک ئاماژەیەک بۆ پەکەکە)". بەمەش ئەردۆغان و هاوپەیمانی جمهوور لە بانگەشەی هەڵبژاردندا لە سەرجەم بۆنەکاندا تۆمەت دەخەنە پاڵ کەمال کڵچدارئۆغڵو و هاوپەیمانی میللـەت، بەوەی دەستی لەناو دەستی تیرۆر (پەکەکە) ناوە.

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی بۆ دەسەڵاتی تورکیا: دانانی قەییوم نامانترسێنێت

لەبارەی دانانی قەییووم بۆ شارەوانیی دێرسم و شارەوانیی شارۆچکەی پلووری پارێزگای دێرسمی باکووری کوردستان، دەم پارتی بە دەسەڵات دەڵێت، "ئەگەر پێتان وابێت بە دانانی قەییووم پارتەکەمان دەترسێنن، بە هەڵەدا چوون."