دەستەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا: لە ئیستەنبووڵ جەهەپە بە 28 هەزار دەنگ لەپێشە

01-04-2019
کۆسار عوسمان @KassoOsman
نیشانەکردن هەڵبژاردنی تورکیا
A+ A-

رووداو -  ئەنقەرە

 سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند، بەربژێری جەهەپە بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بە 28 هەزار دەنگ لەپێش بەربژێری ئاکپارتییە.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا سەعدی گوڤەن، سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا باسی لە رکابەرییە سەرسەختەکەی نێوان بینالی یڵدرم، بەربژێری ئاکپارتی بۆ سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە بۆ هەمان گەورەشارەوانی کرد.

 سەعدی گوڤەن رایگەیاند "بەربژێری جەهەپە بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بە 28 هەزار دەنگ لەپێش بەربژێری ئاکپارتییە. بەردەوامین لە تۆمارکردنی داتاکان و ماوەی تانەگرتنیش هەیە. 84 سندووق بەهۆی ئەوەی سکاڵایان لەسەرە هێشتا کاریان لەسەر نەکراوە".

ئەمە لەکاتێکدایە ئیمامئۆغڵو لە دوێنێوە زیاتر لە 10 جار روونکردنەوەی بۆ رای گشتی و میدیاکان داوە و ئاماژە بە بوونی یارییەکی دژی جەهەپە و خۆی دەکات. ئیمامئۆغڵو رایگەیاندووە ئەو ئەنجامانەی میدیاکانی دەوڵەت بڵاویانکردووەتەوە دروست نییە.

رۆژی یەكشەممە 31ـی ئادار هەڵبژاردنی خۆجێیی لە 81 پارێزگای توركیا بەڕێوەچوو كە تێیدا 57 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەو ژمارەیە 1.2 ملیۆن كەسیان بۆ یەكەمجار بوو دەنگیان دەدا.

دەنگدانی ئەمجارەی توركیا لەكاتێكدا بەڕێوەچوو كە دۆخی ئابووریی توركیا باشی نەدەگوت. رێژەی هەڵاوسان لە توركیا 20٪ـە و بەهای لیرەش بە رێژەی 30٪ دابەزیوە. هەر ئەمەش وایكرد ململانێی نێوان هاوپەیمانێتی جمهوور و هاوپەیمانێتی میللەت بەهێز بێ. هاوپەیمانێتیی جمهوور لە ئاكپارتی و مەهەپە پێكهاتووە، هاوپەیمانێتیی میللەتیش لە جەهەپە و ئی پارتی پێكهاتووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە