رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت، دوای راگەیاندنی بانگەوازەکەی ئۆجەلان، سەرۆکی مەهەپە پەیوەندی پێوەکردووە پێی گوتووە: ''لەسەر بەڵێنەکەی خۆمم. خەمتان نەبێت، بەیەکەوە دیموکراسی لە وڵات بەرقەرار دەکەین''.
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، شەوی هەینی، 28ی شوباتی 2025 لەبەرنامەیەکی تەلەڤزۆنیدا رایگەیاند، دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە پەیوەندی پێوەکردووە و لەو بارەیەوە قسەی لەگەڵ کردووە.
بە گوتەی هاوسەرۆکی دەم پارتی، باخچەلی لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا گوتوویەتی: ''خەمتان نەبێت؛ بەیەکەوە دیموکراسی لە وڵات بەقەرار دەکەین. لەسەر بەڵێنەکەی خۆمم. دیموکراسی لە وڵات بەرقەرار دەبێت. وەک پارتەکەم، بۆ بەدیموکراسیبوونی وڵات هەرچییەک پێویست بکات، هەر بەرپرسیارێتییەکمان لەسەر شان بێت، دەیکەین.''.
لەبارەی تەندروستیی باخچەلییەوە هاوسەرۆکی دەم پارتی گوتی: ''دەنگی زۆر باش بوو؛ تەندروستیی باش بوو.''
شاندی دەم پارتیی ئیمرالی رۆژی پێنجشەممە، 27ـی شوباتی 2025 لە ئیستەنبووڵ کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی سازکرد و بانگەوازەکەی ئۆجەلانی خوێندەوە.
بانگەوازەکە سەرەتا بە کوردی لەلایەن ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، دواتریش لەلایەن پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان، بە تورکی خوێندرایەوە.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بانگەوازەکەدا بۆ پەکەکە گوتی: ''کۆنگرەکەتان ببەستن و بڕیار بدەن. پێویستە هەموو گرووپەکان چەک دابنێن و پەکەکە خۆی هەڵبوەشێنێتەوە''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ