تورکیا

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رێوڕەسمی کردنەوەی سێیەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا بەشداریکرد و گوتارێکی پێشکێشکرد.
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، سیستمی جیهانی داڕێژراو لەسەر بنەمای یاسا، بەها و واتای لەدەستدەدات و ئاماژە بەوەش دەکات کە "پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان، خەریکە سەتەی 21 بۆ سەردەمی قەیرانەکان دەگۆڕدرێت".
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 1ـی ئاداری 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رێوڕەسمی کردنەوەی سێیەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا بەشداریکرد و گوتارێکی پێشکێشکرد.
ئەردۆغان گوتی، "سیستمی نێودەوڵەتی لە چەمکە سەرەتاییەکانی وەک هاودەنگی و دادپەروەریی و متمانە خاڵییە، تەنانەت ناتوانێت کەمترین و بچووکترین بەرپرسیارێتی بەجێ بگەیێنێت". راشیگەیاند، تورکیا لە دوورەوە سەیری هیچ رووداوێک ناکات، بەڵکو لەنێو رووداوەکاندایە و ئاشکراکردنی راستییەکانیش بە ئەرکی خۆی دەزانێت.
سەرۆککۆماری تورکیا باسی لە داهێنان و تواناکانی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، "دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو فڕۆکەی جەنگی KAANمان بە سەرکەوتویی یەکەمین فڕینی ئەنجامدا، ئیدی لەم بوارەدا بۆ ئاستێکی جیاواز سەرکەوتین". ئاماژەی بەوەشکرد، "تورکیامان گەیاندووەتە پێگەیەک کە لە هەموو بوارێکدا سەیری دەکرێت، گوتە و هەڵوێستی بە هەند وەردەگیرێت، لە چارەسەری قەیران و پێکدادانەکاندا رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت".
سەبارەت بە قەیرانی غەززە و لێکەوتەکانی، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی، "لە غەززە تەنیا ژن و منداڵ و هاووڵاتی مەدەنی بە دڕندەیی ناکوژرێن، بەڵکو باوەڕی ملیۆنان کەس بە سیستمی نێودەوڵەتی و دادپەروەریی و یاسا لەنێوبراوە. هێزە رۆژئاواییەکان لە یەکەم رۆژەوە بێ مەرج پشتیوانی ئیسرائیل دەکەن، بە سیاسەتی دووڕووییان دەبنە هاوبەشی ئەو خوێنەی دەڕێژرێت".
سەرۆککۆماری تورکیا گوتی، ئەوەی لە غەززە روودەدات جەنگ نییە، بەڵکو هەوڵی کۆمەڵکوژییەکە و رایگەیاند، "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو قەرزەی بەرامبەر گەلی فەلەستین هەیەتی تەنیا دەتوانێت بە دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین بیداتەوە. دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین کە پایتەختەکەی قودسی رۆژهەڵات بێت ئەرکە. وەک تورکیا ئامادەی وەرگرتنی بەرپرسیارێتین بە ئەرکی گەرەنتیکاریشەوە".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، ئەوەی لە غەززە روودەدات واتای ئەوەیە سیستمی نێودەوڵەتی شکستی هێناوە و گوتی، "ئەو شوێنەی سیستمی نێودەوڵەتی ئاڵای مایەپووچبوونی تێدا هەڵکرد، غەززە بوو. جارێکی دیکە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم راستگۆیانە بەدەم غەززە و دۆزی فەلەستینەوە بێت".
ئەم گوتەیەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە، لە 7-10-2023وە جەنگی نێوان حەماس و سوپای ئیسرائیل دەستی پێکردووە و تاوەکو ئێستا بەو هۆیەوە دەیان هەزار کەس کوژراون و بریندار بوون. هەوڵە نێودەوڵەتییەکانیش بۆ وەستاندنی جەنگەکە شکستیان هێناوە.
رۆژی هەینی 1-3-2024، کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا لە شاری ئەنتالیای تورکیا دەستپێکرد. حکومەتی تورکیا 19 سەرۆک و سەرۆکوەزیر، 73 وەزیر کە زۆربەیان وەزیری دەرەوە و وزەن، 73 سەرۆک و نوێنەری رێکخراو و ئاژانسی بانگهێشت کردووە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو 19 سەرکردەیە کە بەشێوەیەکی فەرمی لە لایەن حکومەتی تورکیاوە بانگهێشت کراوە بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندەکەدا .
یەکەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسیی ئەنتالیا لە رۆژانی 18 تاوەکو 20ی حوزەیرانی 2021 بەڕێوەچوو؛ دووەمین کۆڕبەندی ئەنتالیا لە رۆژانی 11 تاوەکو 14ی ئاداری 2022 بەڕێوەچوو. ساڵی رابردوو بەهۆی بوومەلەرزەکەی باکووری کوردستان و تورکیاوە کۆڕبەندەکە بەڕێوەنەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ