رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەستگیرکردنی بکوژی مەلا رەمەزان، کەسایەتییە خۆشەویستەکەی ئامەدی لە ئیستەنبووڵ راگەیاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی شوباتی 2024، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس، دەستگیرکردنی بکوژی مەلا رەمەزانی لە ئیستەنبووڵ راگەیاند.
عەلی یەرلیکایا لە دوو گرتەی ڤیدیۆییدا ساتی دەستگیرکردنی بکوژەکە و بەڕێکردنی بۆ لێکۆڵینەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "دەستخۆشی لە کارمەندانی ئاسایشی ئیستەنبووڵ دەکەم کە لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژێردا بکوژەکەیان دەستگیرکرد".
رۆژی 31ـی کانوونی دووەمی 2024، مەلا رەمەزان، کەسایەتیی خۆشەویست و قسەخۆشی خەڵکی ئامەد، لە ئیستەنبووڵ بەچەقۆ کوژرا. هەرزوو داواکاری گشتیی کۆماری لە ئیستەنبووڵ هاتە سەرهێڵ و هێزە ئەمنییەکانی راسپارد بۆ دەستگیرکردنی بکوژ.
رەمەزان پیشکین، هاونیشتمانییەکی خەڵکی ئامەدی باکووری کوردستان بوو و لای ئامەدییەکان بە "مەلا رەمەزان" و "رەمەزانی فەیلەسووف" ناوبانگی دەرکردبوو؛ لە رووی دەروونییەوە کێشەی هەبوو. ئەو هاونیشتمانییە پێشتر لە بەردەم مزگەوتی گەورەی ئامەد ئامۆژگاری خەڵکی دەکرد.
مەلا رەمەزان ماوەی حەوت مانگ بوو لە ناوچەی فاتیح لە ئیستەنبووڵ نیشتەجێ بوو، لەوێ چایخانەیەکی بچووکی بەڕێوەدەبرد. بەپێی راپۆرتی توێکاری نەخۆشخانەی فاتیح، مەلا رەمەزان سێ چەقۆ لە سنگی دراوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەستداوە.
کوژرانی مەلا رەمەزان دەنگدانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدوادا هات، بەتایبەتی لەلایەن هاونیشتمانییانی ئامەدەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ