رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای کۆجائێلیی تورکیا، دوو چەکدار هەڵیانکوتایە سەر کارگەیەک کە خاوەنەکەی سەرمایەدارێکی جووی بە رەچەڵەک ئەمریکییە و حەوت کارمەندیان بە بارمتە گرت.
رووداوەکە کاژێر 15:00ـی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی شوباتی 2024 روویدا کاتێك دوو چەکداری نەناسراو هەڵیانکوتایە سەر کارگەی P&G بۆ بەرهەمەکانی جوانکاری کە خاوەنەکەی سەرمایەدارێکی جووی بەرەچەڵەک ئەمریکییە.
کارگەکە لە ناوچەی پیشەسازیی شارۆچکەی گەبزە سەر بە پارێزگای کۆجائێلی. ئەو پارێزگایە دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای ئیستەنبووڵ.
بەگوێرەی دوایین زانیارییەکان، دوو چەکدارەکە حەوت کارمەندی کارگەکەیان بە بارمتە گرتووە کە شەشیان پیاو و ئەوی دیکەشیان ژنە.
یەکێک لە چەکدارەکان وێنەی خۆی بڵاوکردەوە و کە تێیدا دەردەکەوێت دەمانچەیەکی لەدەستە و لەسەر دیوارێکی کارگەکە ئاڵای فەلەستین و تورکیای دروستکردووە.
هێزە ئەمنییەکان چوونەتە شوێنەکە و کارگەکەیان گەمارۆداوە و لە هەوڵی رزگاکردنی بارمتەکاندان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ