ئاکپارتی و ئەردۆغان پێداگری لە گۆڕینی سیستەمی سیاسی تورکیا دەکەن
رووداو- ئەنقەرە
گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە تورکیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی بووەتە رۆژەڤ و سەرۆککۆماری تورکیاش پێیوایە گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی لە وڵاتەکەی چارەسەری قەیرانەکان دەکات لە تورکیا.
پێداگری ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە وڵات لەکاتێکدایە کە ئێستا ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا خاوەنی 316 کورسییە و پێویستی بە 330 دەنگ هەیە بۆ تێپەڕاندنی پڕۆژەی گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە وڵاتدا. بەڵام لە ئەگەری رێکنەکەوتنی لایەنەکان لە پەرلەمان چاوەڕواندەکرێت لە پایزی ئەمساڵدا تورکیا رێفراندۆم بۆ گۆڕینی سیستەم لە وڵات ئەنجام بدات.
پارتی داد و گەشەپێدان ئاکپارتی، رۆژ لەدوای رۆژ گەرمتر باسی پرسی سیستەمی سەرۆکایەتی دەکات. بەتایبەتیش لەگەڵ درێژەکێشانی گرفت و ناکۆکییەکانی تورکیا و بەردەوامبوونی شەڕ و پێکدادان لە باکووری کوردستان. سەرۆککۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆگان دوپاتیدەکاتەوە گۆڕینی سیستەمی حکومڕانی تورکیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی چارەسەری قەیرانەکان دەکات لە وڵاتەکەی.
یەکێک لە هۆکارەکانی پێداگیری ئاکپارتی و ئەردۆغان لەسەر سیستەمی سەرۆکایەتی ئەوەیە کە سیستەمی سەرۆکایەتی دەتوانێت کۆتایی بە شەڕ و پێکدادانەکانی باکوور بهێنێت و پرۆسەی چارەسەری خێراتر و کاریگەرتر بکات.