تورکیا
ناجی گۆرور، پرۆفیسۆر و شارەزای کەشناسی و بوومەلەرزەزانی لە تورکیا لەگەڵ نەخشەیەکی بوومەلەرزە کە لە ئێکس بڵاویکردووەتەوە.
رووداو دیجیتاڵ
پرۆفیسۆرێکی کەشناسیی تورکیا بوومەلەرزەکەی ئەمڕۆ دووشەممەی دێرسیم بە "مەترسیدارترین" وەسفدەکات و باس لەوە دەکات، مەترسیی روودانی بوومەلەرزەیەکی حەوت پلەیی لە باکووری کوردستان هەیە.
دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە، 1-1-2024، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 لە پارێزگای دێرسیمی باکووری کوردستان روویدا، ناجی گۆرور کە پرۆفیسۆر و شارەزای کەشناسی و بوومەلەرزەزانییە لە تورکیا، هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە.
گۆرور لە هەژماری فەرمیی خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "هاوڕێیان، لە سولەیمان ئوشاغیی پلەمور بوومەلەرزەیەکی 4.2 رێختەری روویدا. ئەم بوومەلەرزەیە لەسەر پلێتی یەدیسو روویداوە کە زۆرترین ترسمان لێی هەیە و زۆرترین سەرنجمان لەسەریەتی. ئەو پلێتە ئامادەی شکان و دروستکردنی بوومەلەرزەیەکی سەروو 7 پلەی [رێختەریە]. من ماوەیەکە سەرنجم لەسەر تونجەلی و پلەمورە. تەنانەت ئەم بەیانییە باسمکرد. پێویستە سەرنجەکان بخرێنە سەر دانیشتووانی ئەو ناوچەیە و رێکاری پێویست بگیرێتەبەر. دەبێت وابکرێت، شارەکان بەرگەی بوومەلەرزە بگرن".
کاژێر 16:28خولەکی ئەمڕۆ دووشەممە، 1-1-2024، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.2 پلەی رێختەر لە شارۆچکەی پلەموری سەر بە پارێزگای دێرسیمی باکووری کوردستان روویدا.
بەگوێرەی داتاکانی سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی کارەسات و باری لەناکاو لە تورکیا- ئافاد، قووڵایی بوومەلەرزەکە بە 8.7 کیلۆمەتر تۆمارکراوە و لە شارۆچکەی پلەمور هەستی پێکراوە. لەکاتی بوومەلەرزەکەدا هاونیشتمانیان لە ماڵەکانیاندا چوونەتە دەرەوە و بەشێکیشیان تەواو پەشۆکاون. چونکە ماوەیەکە بەشێک لە پسپۆران و کەشناسان باس لەوە دەکەن، مەترسی کەوتووەتە سەر دێرسیم، جۆلەمێرگ و شارەکانی دیکەی ناوچەکە.
ناجی گۆرور ماوەی زیاتر لە شەش مانگە حکومەت لە مەترسییەکانی ئەگەری بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە ئیستەنبووڵ ئاگادار دەکاتەوە. لەم ماوەیەشدا زیاتر ئاماژە بە شارەکانی باکووری کوردستان دەکات، بەتایبەتیش جۆلەمێرگ و دێرسیم.
رۆژی 6ی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزە بەگوڕی 7.7 و 7.6 پلەی رێختەر کە چەقەکەیان لە مەرەش بوو، 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانیان هەژاند. بەگوێرەی دوایین ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی تورکیا، بەهۆی هەردوو بوومەلەرزەکە زیاتر لە 50 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ