لە ئیزمیر 43 کۆچبەر دەستگیر کران

01-01-2024
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمە، دەستگیرکردنی 43 کۆچبەری نایاسایی لە کەناراوەکانی شارۆچکەی فۆچا لە پارێزگای ئیزمیر راگەیاند.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 1ی کانوونی دووەمی 2024، تیمەکانی جەندرمە بەلەمێکی لاستیکی لە سنوورە ئاوییەکانی شارۆچکەی فۆچا لە پارێزگای ئیزمیر بەدیکردووە، کە 43 کۆچبەری نایاسایی لەسەر بووە. کۆچبەرەکان لە دەریای ئیجەوە هەوڵی پەڕینەوەیان دەدا بۆ یۆنان، بەڵام دوای نزیکەی دوو کیلۆمەتر بەڕێکەوتنیان، لەلایەن هێزەکانی جەندرمەوە دەستگیرکران.
 
فەرماندەیی هێزەکانی جەندرمە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە رەگەزنامەی کۆچبەرەکان بکات، باس لەوە دەکات کە کۆچبەرەکان دوای پشکنینی تەندروستی بۆیان، رەوانەی ناوەندی دیپۆرتکردنەوەی پارێزگاکە کران.
 
رۆژی 13ی تشرینی دووەمی 2023، لە کەناراوەکانی پارێزگای ئیزمیر بەلەمێکی کۆچبەران بەهۆی زریانەوە ژێرئاو کەوت، حەوت کۆچبەر رزگار کران و پێنج کۆچبەریش گیانیان لەدەستدا.
 
بەپێی ئاماری فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیا، ساڵی 2022 تیمەکانی فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکان 75 هەزار و 785 جار دەوریەی بەردەوامی گەڕان و دۆزینەوەی کۆچبەرانیان ئەنجامداوە، توانراوە 27 هەزار و 98 کۆچبەر رزگار بکەن و 305 کۆچبەری بریندار چارەسەر بکەن. هەروەها لە هەوڵی پەڕینەوەی کۆچبەراندا 38 کەسیان خنکاون و 277 قاچاخچی دەستگیر کراون.
 
هەروەها لە ساڵی 2021دا 49 هەزار و 518 کۆچبەر 1617 جار لە دەریای ئیجەوە بۆ یۆنان و وڵاتانی ئەوروپا هەوڵی پەڕینەوەیان داوە. بەهۆیەوە 31 هەزار و 587 کۆچبەر لە خنکان رزگار کراون و دەستگیر کراون، کە 355یان بریندار بوون و 41 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و 293 قاچاخچی دەستگیر کران.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە