لە تورکیا نرخی هەر سەموونێک بۆ 10 لیرە بەرزبووەوە

رووداو دیجیتاڵ

لە چەند شارێکی تورکیا لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێدا، نرخی یەک سەموونی 210 گرامی بۆ هەشت لیرە و سەموونی 250 گرامی بۆ 10 لیرە بەرزبووەوە. 
 
حوسێن ئار، بریکاری سەرۆکی یەکێتیی ژوورەکانی پیشەگەران و کاسبکارانی ئەنقەرە رایگەیاند، بە نووسراوی فەرمی لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانەکانەوە ئاگادارکراونەتەوە، لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێی 2024ـدا نرخی سەموونێکی 210 گرامی لە حەوت لیرەوە دەکرێتە هەشت لیرە (نزیکەی 29 سەنت) و، هەر سەموونێکی 250 گرامیش لە نۆ لیرەوە دەبێتە 10 لیرە (نزیکەی 35 سەنت). 
 
حوسێن ئار، باسی لەوەش کرد؛ سەموونی 200 گرامی دەکرێتە 210 گرام، بەڵام سەموونی 250 گرامی وەک خۆی دەمێنێتەوە. 
 
هۆکاری گرانبوونی نرخی سەموون بەگوتەی ئەو بەرپرسە بۆ گرانبوونی نرخی ئاردە، بەو پێیەی تێکڕا نرخی کیسەیەک ئاردی 50 کیلۆگرامی لە 1560 لیرە (نزیکەی 53 دۆلار)ـەوە بۆ 1875 لیرە (نزیکەی 64 دۆلار) بەرزبووەتەوە. 
 
دوایینجار، رۆژی 13ـی تەممووزی 2023، نرخی هەر سەموونێک لە پێنج لیرەوە بۆ حەوت لیرە بەڕێژەی 50٪ گرانبوو، لەکاتێکدا نرخی هەر سەموونێک لە سەرەتای ساڵی 2022، بە دوو لیرە و لە سەرەتای ساڵی 2023ـشدا بە 4.5 لیرە بوو. بەمەش نرخی یەک دانە سەموون لە ماوەی ساڵێکدا بەڕێژەی 150٪ گرانبووە. 
 
حوسێن ئار روونیکردەوە، لە یەکەم رۆژی 2024ـدا بڕیاری زیادبوونی نرخی سەموون لە پارێزگەکانی ئەنقەرە، نەڤشەهیر، بورسا و مێرسین جێبەجێکرا و، لە دوو رۆژی داهاتوودا، سەرجەم پارێزگەکانی دیکەش دەگرێتەوە.