گەنجێکی جۆلەمێرگ باوک و مامی و کەسێکی دیکەش دەکوژێت


رووداو دیجیتاڵ

لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، گەنجێکی دانیشتووی جۆلەمێرگی باکووری کوردستان، بەهۆی ئەوەی باوکی بەنیاز بووە ژنی دووەم بهێنێت، دەیکوژێت، جگە لە باوکی، مامێکی و کەسێکی دیکەش دەکوژێت و یەکێکیش بریندار دەکات.
 
ئێوارەی شەممە، 31-12-2022، لە بەردەم کافێیەکی ناوچەی ماماک لەسەر شەقامی سوڵتان لە ئەنقەرە، گرژی لە نێوان چەند کەسێکدا دروستبوو و شەڕە تەقە روویدا و بەهۆیەوە چوار کەس بە سەختی بریندار بوون. دوای ئەوەی گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە، سێیان گیانیان لەدەستدا و چوارەمیشیان لە چاودێریی چڕدایە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، بکوژەکە ناوی یوسف قارەمانە و لەدایکبووی جۆلەمێرگی باکووری کوردستانە، کێشەی لەگەڵ باوکی و مامی هەبووە، محەممەد قارەمان-ی باوکی بەنیازبووە ژنی دووەمی بهێنێت و عەبدوڵڵا قارەمان-ی مامیشی پشتگیری لێدەکات، دەبێتە دەمەقاڵیان و گرژی روودەدات. یوسف قارەمان بە دەمانچە، تەقە لە باوکی و مامی دەکات و لە ئەنجامی دەستڕێژی گوللـە کەسێکی دیکەش بە ناوی نەسڕوڵڵا ئویار لەدایکبووی پارێزگای وان لە باکووری کوردستان، کە لە هەمان شوێن دەبێت، گوللـەی بەردەکەوێت و گیانلەدەست دەدەن. کەسێکی دیکەش کە لە کاتی شەڕەکەدا بە بەردەم کافتریاکە تێدەپەڕێت، ئەویش بەسەختی بریندار دەبێت. 
 
دوای رووداوەکە، یوسف قارەمان هەڵدێت و تاوەکو ئێستاش دەستگیرنەکراوە و پۆلیس لە لێکۆڵینەوە بەردەوامە. 
 
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا، (EGM) کە رۆژی 9-7-2022 بڵاویکردووەتەوە؛ لە باکووری کوردستان و تورکیا، ژمارەی چەکی بێمۆڵەت بەرەو زیادبوون چووە و گەیشتووەتە 25 ملیۆن. ئەمە لەکاتێکدایە بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا، 2.5 ملیۆن چەکی بەمۆڵەت هەیە.