ئەمریکا بۆ بەرپرسانی سووریا: تووندوتیژی دژی عەلەوییەکان رابگرن
رووداو دیجیتاڵ
سەرەتای ئەم هەفتەیە، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا سەردانی دیمەشقی کردووە و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی نوێی سووریا کۆبووەتەوە، بەرپرسەکەی ئەمریکا نیگەرانی ئیدارەی بایدنی لەبارەی ئەو راپۆرتانە خستووەتەڕوو، کە باس لە تووندوتیژیی دژی عەلەوییەکان لە سووریا دەکەن.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا ئەمڕۆ (سێشەممە، 31-12-2024) لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، بڵاویکردەوە، دانیال رۆبینستاین، نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، سەردانی دیمەشقی کردووە و لەگەڵ ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەتەوە. رۆبینستاین نیگەرانیی واشنتنی بە بەرپرسانی نوێی سووریا گەیاندووە لەبارەی ئەو تووندوتیژییانەی بەرامبەر پێکهاتەکانی سووریا و بەتایبەت بەرامبەر عەلەوییەکان دەکرێن لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە لە 8ـی ئەم مانگەدا.
بەگوێرەی پەیامەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق، لە کۆبوونەوەی نوێنەری ئیدارەی بایدن، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا، پرسی بێسەروشوێنانی ئەمریکییەکان لەو وڵاتە و پاراستنی هاووڵاتیانی ئەمریکی، بەردەوامیی رووبەڕووبوونەوەی داعش، رێگەگرتن لە بەهێزبوونەوەی ئێران لە سووریا و دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سیاسیی بنکەفراوان گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە.
میدیای ئەمریکاش لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکییەوە، کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت بڵاویکردووەتەوە؛ رۆبنستیان بە شەیبانیی راگەیاندووە پێویستە ئەو جۆرە هێرشانە بۆ سەر پێکهاتەکانی سووریا کۆتایی پێبێت. لە بەرامبەردا شەیبانی گوتوویەتی ئیدارەی نوێی سووریا دژی ئەو تووندوتیژیانەیە و زۆربەی ئەو پێشێلکاریانەی کراون، لەلایەن چەکدارانی دیکەوە کراون، نەوەک چەکدارانی دەستەی تەحریری شام.
شەیبانی بە شاندەکەی ئەمریکای راگەیاندووە، دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا سەرقاڵی رێکخستنەوەی هێزە جیاجیاکانی نێوخۆی سووریان و لە هەوڵدان بۆ تێکەڵکردنیان و پێکهێنانی هێزێکی هاوبەش و یەکگرتوو لەژێر فەرمانی وەزارەتی بەرگریی سووریا.
شاندەکەی ئەمریکا، هۆشداریی داوەتە وەزیری نوێی دەرەوەی سووریا کە پێویستە بەزووترین کات ئەو پێشێلکارییانە بووەستن، چونکە لەئەگەری بەردەوامبوونیان، گرووپەکان و لایەنگرانی بەشار ئەسەد یان چەکدارانی داعش ئەو دەرفەتە دەقۆزنەوە و ناکۆکی نوێ لەنێو سووریا دروست دەکەن.
ئەو سەردان و ئاگادارکردنەوەیەی شاندی ئەمریکا بۆ دیمەشق لەکاتێکدایە لەدوای رووخانی بەشار ئەسەد، زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوا و ئەمریکاش بەتایبەت، رێزگرتن و پاراستنی مافی پێکهاتەکانیان بۆ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا کردووەتە مەرج بۆ پشتیوانیکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ سووریای نوێ.