ئەڵمانیا 62 ملیۆن دۆلار بۆ پەرەپێدانی قوتابخانە و پڕۆژەکان دەداتە سووریا
رووداو دیجیتاڵ
ئەڵمانیا رایگەیاند، 60 ملیۆن یۆرۆ، کە دەکاتە 62.7 ملیۆن دۆلار، بۆ پەرەپێدانی قوتابخانە، مافەکانی مرۆڤ و پڕۆژەکانی دیکە لە سووریا تەرخان دەکات.
سڤێنیا شوڵز، وەزیری گەشەپێدانی ئەڵمانیا گوتی "پەنجەرەیەکی مێژوویی" لە سووریا بووەتەوە، دوای ئەوەی لە 8ـی کانوونی یەکەم، رژێمی بەشار ئەسەد لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە رووخێنرا و ئەسەد ناچارکرا بەرەو مۆسکۆ هەڵبێت.
وەزیرەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "بڕیار نەدراوە دواتر چی روودەدات. بەڵام دەرفەتی گەشەپێدانی ئەرێنی هەیە و هەر شتێکمان لەدەستبێت، پێویستە بیکەین بۆ ئەوەی پشتیوانیی لێ بکەین."
نزیکەی نیوەی ئەو پڕۆژانەی ئەڵمانیا دەیەوێت لە سووریا پشتیوانییان بکات، تایبەتن بە پەروەردە. لەو چوارچێوەیەدا، 25 ملیۆن یۆرۆ بە ئاژانسی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیسێف) دەدرێت و 6 ملیۆن یۆرۆی دیکەش بە رێکخراوی مرۆیی ئارچ نۆڤا دەدرێت کە سەرپەرشتیی چەند قوتابخانەیەک دەکات و بە کۆی گشتیی سێ هەزار قوتابی بەڕێوەدەبات.
شوڵز دەڵێت "ئێمە پێشبینییەکانی خۆمان بە روونی داناون: سیستمێکی پەروەردە کە ئایدۆلۆژیا، جیاکاری و پەراوێزخستنی تێدا نەبێت."
19 ملیۆن یۆرۆی دیکە بە ئاژانسی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان UNDP دەدرێت، 7 ملیۆن یۆرۆ بە رێکخراوە ناحکومییەکانی سووریا و 3 ملیۆنی دیکە بە سندووقێکی نەتەوە یەکگرتووەکان دەدرێت، کە تایبەتە بە پشتیوانیکردن لە رێکخراوەکانی ژنان.
بە گوتەی وەزارەتی گەشەپێدانی ئەڵمانیا، هەموو ئەو پڕۆژانە لە لایەن رێکخراوە ناحکومییەکان و ئاژانسەکانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوەدەبردرێن، نەوەک دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا.