جەنگ و دابەزینی بەهای لیرە دۆخی خەڵکیان لە رۆژئاوای کوردستان خراپ کردووە

31-12-2021
ڤیڤیان فەتاح
ڤیڤیان فەتاح
دیمەنێکی شاری دیمەشق لە سووریا. وێنە: AFP
دیمەنێکی شاری دیمەشق لە سووریا. وێنە: AFP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا دووکانداران کەلوپەل، خواردن و پێداویستییەکانی تایبەت بەو یادەیان لە بازاڕدا خستووەتەڕوو، بەڵام گرانیی نرخی هەموو کاڵاکان وایکردووە، خەڵک هێندەی لە خەمی کڕینی پێداویستییە سەرەکییەکانی رۆژانەدا بن، ئەوەندە بۆیان گرنگ نەبێت ئەو کاڵایانە بکڕن کە لە هەر وڵاتێکدا بۆ پێشوازیی لە ساڵی نوێ دەکڕدرێن.
 
رووگەش حوسێن تەمۆ، هاونیشتمانییەکی رۆژئاوای کوردستانە، بە رووداوی گوت، "هەموو شتێک گران بووە، هیچ شتێک وەکو خۆی نەماوە". مەبەستی ئەو هاونیشتمانییە لەوەیە، کە نرخەکان بەراورد بە ساڵانی پێشتر زیادیان کردووە. ئەوەش بەهۆی ناسەقامگیریی ئەمنی و دابەزینی بەهای لیرەی سوورییە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی.
 
عەلی، هاووڵاتییەکی کریستیانە و لە قامشلۆ نیشتەجێیە، ئەو پێچەوانەی هاوئایینەکانی لە وڵاتانی دیکە، ناتوانێت ئامادەکاریی بۆ پێشوازیی لە ساڵی نوێ بکات و دەڵێت: "لەدەستدانی بەهای لیرە بەرامبەر دۆلار هەموو شتێکی گرانکردووە، هیچ هەرزان نابێت، رۆژ لەدوای رۆژ نرخەکان لەخراپەوە بەرەو خراپتر دەچن، نازانین بۆ."
 
لە سووریا جگە لە کریستیانەکان، پێکهاتەکانی دیکەش خۆیان بۆ سەری ساڵ ئامادەکردووە و بازاڕەکان رازێنراونەتەوە بە کەلوپەل، هەرچەندە دەستی کڕیار کەمە بۆیان.
 
بەهۆی شەڕی نێوخۆی سووریا، بەپێی ئەو ئامارانەی رێکخراوەکانی تایبەت بە کریستیانەکان بڵاویان دەکەنەوە، 60٪ـی کریستیانەکانی ئەو وڵاتە بەرەو دەرەوە کۆچیان کردووە، بەڵام لە ناوەڕاستی قامشلۆ کریستیانەکان لە گەڕەکێک ماونەتەوە و ئامادەکارییان بۆ سەری ساڵی تازە کردووە، هیوا دەخوازن چارەسەرێکی سیاسی بۆ دۆخی سووریا بەدیبێت. لە هەرێمی جزیرەش هێشتا نزیکەی 130 هەزار کریستیان ماون.
 
سەنحاریب بەرسووم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی کریستیانەکان دەڵێت، "سووریا بە دۆخێکی خراپی ئابووریدا تێدەپەڕێت، ئێمە هیوادارین لەو چەند رۆژە خێرەی سەری ساڵدا  ئەو رەوشە خراپە کۆتایی پێبهێندرێت و چارەسەرێکی سیاسی بۆ سوورییەکان بەدیبهێنرێت و داخوازی سەرجەم لایەنەکانیش جێبەجێبکرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە