دەنگی تەقینەوە لە حەلەب دەبیسترێت

31-08-2022
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا رایگەیاند، ئیسرائیل فڕۆکەخانەی حەلەبی بۆردوومان کردووە و زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە. 
 
ئاژانسەکە لە زاری چەند سەرچاوەیەکی سەربازییەوە نووسیویەتی: "دەوروبەری کاژێر هەشتی ئەمشەو ئیسرائیلی دووژمن بە مووشەک هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەی حەلەبی نێودەوڵەتی و زیانی ماددی بە فڕۆکەخانەکە گەیاند."
 
سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریاش رایانگەیاند، ئیسرائیل بە "چوار مووشەک" رێڕەوێکی فڕۆکەخانەکە و چەند کۆگەیێکی مووشەکەکانی ئێرانی لە نزیک ئەو شوێنە بە ئامانج کردوون، ئەوەش تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە بێ ئەوەی زیانی گیانی لێ بکەوێتەوە. 
 
دوای زیاتر لە یەک کاژێر لە هێرشەکانی سەر حەلەب، میدیای فەرمیی سووریا باسی لەوە کرد کە "بەرگریی ئاسمانی بەرپەرچی مووشەکەکانی دژبەری لە سنووری ئاسمانیی دیمەشق و دەوروبەری داوەتەوە و ژمارەیەکیانی خستووەتە خوارەوە."
 
لە 25ی مانگی ئابیشدا، ئیسرائیل ژمارەیەک هێرشی ئاسمانی کردنە سەر پێگەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران کە لە شارەکانی حەما و تەرتوس زیانی گیانییان لێکەوتەوە، ئەوە بە گوێرەی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.  
 
میدیای فەرمی سووریا رایگەیاند لەو هێرشانەدا دوو کەس بریندارببوون. 
 
لە سەرەتای شەڕی نێوخۆی سووریاوە، ئیسرائیل سەتان هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر خاکی ئەو وڵاتە کە تێیدا سوپای سووریا و پێگە سەربازییەکانی ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانی بە ئامانجکردوون.
 
ئیسرائیل بە دەگمەن دان بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانەدا دەنێت، بەڵام بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە، کە لە رووبەڕوونەوەی ئێران بەردەوام دەبێت و ناهێڵێت لە سووریادا پێگەی خۆی بەهێز بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە