'ئەمریکا لەگەڵ ئەنجامدانی نییە'؛ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی رۆژئاوای کوردستان ئەم مانگە دەکرێت؟

02-08-2024
دیار کوردە @diyarkurda
پرۆسەی هەڵبژاردنێکی پێشوو لە رۆژئاوای کوردستان. وێنە: ئەرشیڤ
پرۆسەی هەڵبژاردنێکی پێشوو لە رۆژئاوای کوردستان. وێنە: ئەرشیڤ
A+ A-
 
رووداو - واشنتن

بڕیارە رێڤەبەری خۆسەر لە مانگی ئاب هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە سنووری دەسەڵاتدارێتیی خۆی لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا ئەنجام بدات.
 
هێشتا رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە دیاری نەکراوە، بەرپرسانی رۆژئاوای کوردستان پێییان وایە هێشتا پێویستیان بە ئامادەکاریی زیاترە و مەبەستیشیانە کاتێک هەڵبژاردنەکە بکەن کە هەموو کەس مافی بەشداریکردنی هەبێت و چاودێری نێودەوڵەتیش ئامادەبن.
 
سینەم محەممەد، نوێنەری مەسەدە لە واشنتن دی سی دەڵێت، "وەکو دەزانن، هەڵبژاردنی شارەوانی ماوەیەکی درێژە لە رۆژئاوا نەکراوە، بۆیەش زۆر پێویست بوو هەندێک کەس بگۆڕدرێن، شوێنەکانیان بۆ کەسانی دیکە چۆڵ بکەن و کارێکی باش لە شارەوانییەکاندا بکەن، خزمەتگوزاریی باشتر و زیاتر ببێت، ئامانجی ئێمە لەو هەڵبژاردنە ئەوەیە، بەڵام رەنگە پێویستی بەوە بێت کە ئامادەکاریی باشتر بکرێت، لەڕووی بەشداریی خەڵکەوە باشتر بکرێت، ئامادەکاری بۆ ئەوەی هەموو کەس بتوانێت خۆی بەربژێر بکات، ئەمەش پێویستی بە کات بوو، تاوەکو ئێستا ئێمە وەکو رێڤەبەری خۆسەری دیموکرات گوتوومانە لە مانگی ئاب دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا رۆژێک دیاری نەکراوە، ئەگەر زانیمان ئامادەکاریی دیکە نەکراوە، رەنگە زیاتر دوابخرێت."
 
ئەم هەڵبژاردنە بڕیار بوو لە مانگی حوزەیران بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی گوشاری دەرەکی و هەندێک کاری تەکنیکی، کاتی هەڵبژاردنەکە دواخرا، بێجگە لە تورکیاش کە بە ئاشکرا دژایەتیی خۆی بۆ هەڵبژاردنەکە راگەیاندووە، ئەمریکاش لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە ناڕازییە.
 
ئیتان گۆڵدریچ، بەرپرسی مەلەفی سووریا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، "واشنتن پێیوایە ئێستا هەلومەرجی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە لە ناوچەکەدا نییە، بۆیە ئەمریکا لەگەڵ کردنی ئەو هەڵبژاردنەدا نییە."
 
بەڕێوەبەری پڕۆگرامی سووریاش لە ئەنجوومەنی ئەتلانتیک بە رووداوی گوت، بەشێکی ئەو دژایەتییەی ئەمریکا بۆ نیگەرانییەکانی تورکیا و ئەو دۆخەیە کە لە ناوچەکەدا هەیە.
 
قوتەیبە ئیدلبی، بەڕێوەبەری پڕۆگرامی سووریا لە ئەنجوومەنی ئەتلانتیک ئاماژەی بەوە کرد، "پێموایە هۆکاری سەرەکیی ناڕازیبوونی ئەمریکا، تورکیایە. تورکیا بە ئاشکرا و بە نهێنیش هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی کردووە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئەگەر هەڵبژاردنەکە بکرێت، بۆیەش پێموایە هەڵوێستی ئەمریکا زیاتر لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، کە ئەوان گرژیی زیاتریان ناوێت لە ناوچەکە، شەڕی غەززە هەموو سەرنجی وەزارەتی دەرەوەی بردووە، ترسی روودانی شەڕێکی دیکە لە لوبنان لەگەڵ ئیسرائیل، پرسێکی دیکەی لە پێشی بەرپرسانی ئەمریکایە لە واشنتن دی سی، بۆیە نایانەوێت بەهۆی شەڕێکی دیکەوە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریاوە سەرقاڵ ببن، ئەمە سەرچاوەی سەرەکیی گوشارەکانە."
 
ئەمریکا و تورکیا لەسەر ئەم پرسە و پرسەکانی پەیوەست بە سووریا، تاوەکو ئێستا چەند جارێک گفتوگۆیان کردووە، رووداو زانیویەتی، بڕیارە لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ کۆبوونەوەیەکی باڵا لەسەر پرسی سووریا و رۆژئاڤا لەنێوان وەزارەتەکانی دەرەوەی تورکیا و ئەمریکا لە واشنتن بکرێت.
 
رێڤەبەری خۆسەر هێشتا کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکەی دیاری نەکردووە و چاوەڕێی ئاماژەیەکی واشنتنە تاوەکو لەگەڵ پلانەکەی بچێتە پێشەوە، بەڵام ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، ئەوان هێشتا هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە هەڵبژاردنی رۆژئاوای کوردستان نەگۆڕیوە و لەگەڵیدا نین، هەر ئەمەش وای کردووە، روون نەبێت کەی و چۆن هەڵبژاردنەکەی رۆژئاڤای کوردستان بەڕێوەدەچێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە