رووداو دیجیتاڵ
هەشت سەرباز لە رۆژهەڵاتی سووریا دەکەونە نێو بۆسەیەکی چەکدارانی داعشەوە و هەر هەشتیان دەکوژرێن. ئەمەش دووەم هێرشی گەورەی داعشە لە رۆژهەڵاتی سووریا لەماوەی هەفتەی رابردوودا و لەو دوو هێرشەدا 14 سەربازی سووریایان کوشتووە.
بەپێی سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریا، بەیانی رۆژی یەکشەممە، کاروانێکی سوپای سووریا لە شارۆچکەی سوخنە لە رۆژهەڵاتی سووریاوە بەرەو دێرەزوور رۆیشتوون، کاتێک دەکەونە بۆسەیەکی چەکدارانی داعشەوە، هەر هەشت سەربازەکە دەکوژن.
هەروەها لەسەرەتایی ئەم هەفتەیە، لەسەر رێگەی سوخنە بۆ پارێزگەی حومس، شەش سەرباز لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەکوژرێن.
بەگوێرەی ئامارەکانی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ کە بنکەی سەرەکی لە شاری لەندەنەوە، لەسەرەتای ئەم ساڵەوە، زیاتر لە 200 سەربازی سووریا و چەکداری نزیک لە حکومەتی سووریا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە کراونەتە ئامانج، زۆربەی هێرشەکانیش شارەکانی دێرەزوور، حومس و رەققە بوون.
ئەمە بێجگە لەوەی لە سەرەتای ساڵەوە چەکدارانی داعش چەند جارێکیش هێرشیان کردووەتە سەر شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).
هەر لەو ماوەیەدا، لە ئەنجامی هێرشەکانی داعشدا لە سووریا، لانیکەم 37 کەسی سڤیلیان کوشتووە، ئەمەش لەکاتێکدایە لە بەرامبەر ئەو هێرشانە، 24 چەکداری داعش کوژراون.
بەگوێرەی ئاماری بڵاوکراوەی ئەو رێکخراوە "لە سەرەتای 2024ـەوە لانیکەم 32 منداڵ لە هێرشەکاندا کوژراون."
بەپێی ئامارەکەی ئەو رێکخراوە، 24 هێرش لە بیابانی دێرەزوور کراون کە بووەتە هۆی کوژرانی 47 چەکدار، کە 7 کەسیان سەر بە گرووپەکانی نێزیک لە ئێران بوون، پێنجیان چەکداری داعش. ئەمە بێجگە لەوەی 17 کەسی سڤیلیش کوژراون.
هەفتەی رابردوو، روانگەی سووری رایگەیاند، لە ناوچەیەکی باکووری سووریا، داعش 11 هاووڵاتی کوشت، کە سەرقاڵی کۆکردنەوەی دۆمەڵان بوون.
لە سەرەتای ئەم ساڵ، بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، داعش لە نێوان سێ بۆ پێنج هەزار چەکداری لە سووریا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ